ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە شاری عمارە سەنتەری پارێزگای میسان باشووری رۆژھەڵاتی عێراق، بەھۆی خواردنی فەلافلەوە ژەھراویبوون، بەرزبوویەوە بۆ 440 کەس.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە کە عەلی مەحمود عەلاق،بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی میسان، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لیژنەیەکی زانستیی بە ئامانجی بەدواداچوون بۆ حاڵەتەکانی ژەھراویبوون بەھۆی خواردنی فەلافلەوە لە شاری عمارە و ئاشکراکردنی ھۆکارەکەی پێکھێنراوە و گوتی: "ئەنجامی پشکنینەکان لەوبارەیەوە تەواوبووە و رەوانەی لایەنەکانی دادوەریی کراوە".
عەلی مەحمود عەلاق راشیگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە شاری عمارە، بەھۆی خواردنی فەلافلەوە ژەھراوی بوون، بەرزبووەتەوە بۆ 440 کەس.
ناوبراو باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا ژمارەیەک کەس لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون.
چەند رۆژێک لەمەوبەر میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردبوویەوە کە ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی لە شاری عمارە سەنتەری پارێزگای میسان، بەھۆی خواردنی فەلافلەوە ژەھراویبوون و بە ئامانجی وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە خەوێندراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.