وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان هەواڵی شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی سەر بە لیوای 10 لەسنووری شارۆچکەی پردێی پشتڕاستکردەوە.
ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2021 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە ئەنجامی پەلامارێكی ترسنۆكانەی تاریکپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سەنگەرەكانی لیوای 10ـی پیادە لەسنووری شارۆچكەی پردێ ، لەساتی ڕاوەدوونان و بەرپەرچدانەوەی ئەو تیرۆریستانە، دوو پێشمەرگەی نەبەرد و ئازای سەر بە لیوای 10ـی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بە ناوەكانی (خالید حەمید ھەیاس، ئاکۆ کەریم قادر) شەهید بوون.
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە پرسە و سەرخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەکات و هاوخەمی و هاوسۆزی وەزارەت بۆ خانەوادە و هاوسەنگەرانی دووپات دەکاتەوە، هەر لە ڕاگەیاندراوەکەشدا ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگە دەکات و ڕایدەگەیەنێت: بەخەڵكی كوردستان رادەگەیێنین، وەك هەمیشە هێزی گیانفیدای پێشمەرگە لە ئامادەسازی و ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لەخاك و خەڵكی كوردستان.
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین جار هۆشداریان داوە لەسەر خۆڕێكخستنەوەی شانە نوستوەكانی داعش و سەرهەڵدانەوەیان، ڕاشیگەیاند: بەم كارە چەپەڵ و ترسنۆكانەشیان ناگەنە هیچ ئامانجێک و بەبازووی هێزی پێشمەرگە ئەفسانەی سەرهەڵدانەوەشیان پوچەڵ دەكەینەوە، ئەمەش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی دژ بەداعش.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.