بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاگاداری شۆفێران دەکات بەهۆی لافاوەوە تاشە بەردێکی زۆر لەسەر ڕێگەکان کەوتوون، بۆیە داوا دەکات بە وریاییەوە شۆفێری بکەن.
ئەمڕۆ شەممە فازڵ حاجی گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە کەوا بەهۆی ئەو پێلە بارانەی کە ئەمڕۆ هەموو هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە و ئەگەر هەیە بۆ بەیانیش بەردەوام بێت، لە چەندین شوێن ڕێگەکەیان بەڕێژەی جیاجیا کەوتوونەتە ژێر کاریگەری لافاو.
فازڵ حاجی ڕایگەیاند: بەهۆی لافاوەوە لە هەندێک شوێن قوڕ و لیتەیەکی زۆر لەسەر شەقامەکان جێماوە، هەروەها تاشە بەردی گەورە لە ناوچە شاخاویەکان کەوتوونەتە سەر ڕێگەکان.
ڕاشیگەیاند: پێویستە لێخوڕین زۆر بەئاگاییەوە بکەن و بەخێراییەک بێت زۆر کەمتر بێت لەو خێراییەی کە بەهێماکانی هاتووچۆ دیاری کراون، بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن لەبرێککردنی لەناکاو، چونکە هەموو برێککردنێکی لەناکاو ئەگەرێکە بۆ کۆنترۆڵ لەدەستدانیان و تووشبوونیان بەڕووداوی هاتووچۆ، هەروەها داوا دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە ڕۆیشتن لەسەر شۆلدەری ڕێگەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.