لیوا حامید خەلیل یەعقوب یوسف، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە رۆژھەڵاتی عێراق، لە پۆستەکەی لادرا و لیوا عەباس محەمەد حوسێن عەبود لە شوێنی ئەو دەستنیشان کرا.
میدیا عێراقییەکان پشت بەستن بە نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویان کردەوە کە لیوا عەباس محەمەد حوسێن عەبود لە شوێنی لیوا حامید خەلیل یەعقوب یوسف وەک فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای دیالە، دەستنیشان کراوە.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 26ی تشرینی یەکەم، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە لە پارێزگای دیالە و لەو ھێرشەدا 15 کەس کوژران و 13 ی دیکە برینداربوون.
دوای ئەو ھێرشە، سەدان چەکداری شیعە لە گوندی رەشادەوە ھێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندی "نەھر ئیمام" کە دانیشتووانەکەی سوننە مەزھەبن، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک بووە لە بەرامبەر کوژرانی منداڵ و کەسوکاریان لەلایەن داعشەوە. بەھۆی ئەو ھێرشەوە ھەشت کەس لەدانیشتووانی گوندی نەھر ئیمام کوژران و ئاگر لە خانوو و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.