Erbil 1°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 04:28

ئاڵۆزییه‌کانی له‌ شاره‌بان به‌رده‌وامه‌.. 4 گوله‌ هاوه‌ن ئاراسته‌ی گوندێک کران

کوردستان TV
100%

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له‌ سێیه‌م ڕۆژی ئاڵۆزییه‌كانی شارۆچكه‌ی شاره‌بان له‌ پارێزگای دیاله‌، چه‌كدارانی داعش 4 گوله‌ هاوه‌نیان ئاراسته‌ی ناوچه‌كه‌ كرد، به‌ڵام هیچ زیانێكی گیانی نه‌بوو.

به‌پێی زانیارییه‌كان، دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م چه‌كدارانی داعش 4 گوله‌ هاوه‌نیان ئاراسته‌ی گوندی حرووب له‌ ناوچه‌ی ئیمام وه‌یس له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌بان (میقدادییه‌) له‌ پارێزگای دیاله‌ كرد، به‌ڵام به‌هۆی دووری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌یان له‌ گونده‌كه‌‌، گوله‌ هاوه‌نه‌كان هیچ زیانێكیان بۆ سه‌ر هاووڵاتییان نه‌بوو.

پێرێ سێشه‌م چه‌كدارانی داعش له‌ شارۆچكه‌ی شاره‌بان هێرشیان كردبووه‌ سه‌ر گوندی ڕه‌شاد و تێیدا زیاتر له‌ 13 هاووڵاتییان كوشتبوو و 15ی تریشیان بریندار كردبوو.

دوێنێ چوارشه‌میش بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش و له‌سه‌ر فه‌رمانی مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، هێزێكی زۆری سوپا و هه‌واڵگری و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا گه‌یشتبوونه‌ شارۆچكه‌ی شاره‌بان.

مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقه،‌ دوێنێ چوارشه‌م له‌ تویتێكدا هه‌ڕه‌شه‌ی توندی له‌و چه‌كدارانه‌ی داعش كردبوو كه‌ له‌ ناوچه‌ی شاره‌بان له‌ گوندی ڕه‌شاد ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌یان ئه‌نجام دا و به‌ڵێنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌یانی لێ كردبوون.

كازمی ڕایگه‌یاندبوو "ئەنجامدەرانی تاوانەکەی مقدادییە لە پارێزگای دیالە بەبێ سزا تێناپەڕن، ھەوڵی زیاتر دەدەین بە ئامانجی ڕاوەدوونانی تیرۆریستان و تا ئەوان دەستیان بچێتە خوێنی بێ تاوانەکان، زیاتر سوور دەبین لەسەر بنەبڕکردنیان لەسەر خاکی عێراق".

هه‌ر له‌ دوای نیوه‌ڕۆی دوێنێ چوارشه‌مه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك چه‌كداری نه‌ناسراوی شیعه‌ هێرشیان كردبووه‌ سه‌ر گوندی نه‌هر ئیمام كه‌ گوندێكی سوننه‌ مه‌زهه‌به‌ و له‌ نزیك گوندی ڕه‌شاده‌، چه‌كداره‌ شیعه‌كان له‌ تۆڵه‌ی كوژراوه‌كانیان 15 كه‌سیان له‌ هاووڵاتییانی گوندی نه‌هر ئیمام بریندار كردبوو و هه‌روه‌ها 20 خانووشیان ئاگر تێبه‌ردابوو له‌گه‌ڵ مزگه‌وت و چه‌ند ئۆتۆمبێڵێك و زه‌وییه‌كی زۆری كشتوكاڵی.

 

بۆ شه‌وه‌كه‌ش دووباره‌ چه‌كدارانی داعش هێرشیان كرده‌وه‌ و تا به‌یانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م سێجار به‌سه‌ر گونده‌كانی سنووری شارۆچكه‌ی شاره‌بان له‌ پارێزگای دیاله‌یان دادابوو و قوربانی گیانی زۆریان به‌ هاووڵاتییان گه‌یاندبوو.

 

 

 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.