وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، كەمی پارەی نەختێنە و داهات لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەربەستێكە بۆ دواكەوتنی مووچە و بەرەوپێشچوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتییان.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد و لەگەڵ هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و ئەو فەرمانگانەی تایبەتمهندن بە كۆكردنەوەی داهات كۆبووەوە، بە مەبەستی چارەسەركردنی كەمی داهات لە سنووری پارێزگاکەدا.
لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە كێشەی كەمی پارەی نەختێنە (سیولە) كرا كە كەمی سیولە و داهات لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەڕین بەربەستێكە بۆ دواكەوتنی مووچە و بەرەوپێشچوونی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی هاووڵاتییان.
هەر لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا دەتوانرێت بە پێشخستنی جوڵەی بازرگانی لە سنوورەكە و كارئاسانی بۆ بازرگانان و هاووڵاتییان داهات زیاد بكرێت و كەمی پارەی نەختێنەیش نەبێتە ڕێگر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.