Erbil 4°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 21:59

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق : داعش هەوڵی نانەوەی ئاشوب دەدات

دوای دوو هێرشەکەی دیالە هێزی ئەمنی رەوانەی پارێزگاکە دەکرێت
کوردستان TV
100%

دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند هێزەکانی سوپا و پۆلیس رەوانەی پارێزگای دیالە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەکرێت، ئەمەش دوای دوو هێرشە خوێناوییەکەی سەر پارێزگاکە دێت کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

ئێوارەی روَذي سێشەممە، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی رەشاد سەربە قەزای میقدادییە لە پارێزگای دیالە و بەپێی داتاکانی سوپای عێراق، لەو هێرشەدا 15 کەس کوژران و 13 ی دیکە برینداربوون.

دوای ئەو هێرشە، سەدان چەکداری شیعە لە گوندی رەشادەوە هێرشیان کردە سەر خەڵکی گوندی "نەهر ئیمام" کە دانیشتووانەکەی سوننە مەزهەبن، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرامبەر کوژرانی منداڵ و کەسوکاریان لەلایەن داعشەوە.

بەهۆی ئەو هێرشه‌وە هەشت کەس لەدانیشتووانی گوندی نەهر ئیمام کوژران و ئاگر لە خانوو وکێڵگە کشتوکاڵییەکانیان بەردرا.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بەئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند: "وەک پشتیوانی ئەمنیی، دوو لیوای هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا سەربە وەزارەتی ناوخۆ و فەوجێکی دژە تیرۆر و فەوجێکی دیکەی سوپا رەوانەی قەزای میقدادییە کراون، لەگەڵ چاودێریی بەردەوامی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکەی سەربازییەوە".

تەحسین خەفاجی ئاشکرای کرد، پشت بەست بە زانیاری هەواڵگریی، ئۆپەراسیۆن بۆ دەستگیرکردنی ئەوکەسانەی لە هێرشەکەی سەر گوندی رەشاد تێوەگلاون، ئەنجام دەدەن.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتیشی: "داعش هەوڵی نانەوەی ئاشوب دەدات بەهۆی ئەوەی توانای رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانیان نییە".

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.