Erbil 8°C دووشەممە 20 کانوونی دووەم 18:57

به‌شێک له‌ وته‌کانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ پانێڵی دیداری مێری

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی تشرینی یه‌كه‌می 2021، لەمیانەی بەشداریکردنی لە دوا پانێڵی ديداری ئینستیتیووتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوەی (مێری) بە ناونیشانی (حكوومەتی هەرێم ڕوو بەرەو ئایندە: ستراتیژەكان، بەربەست و دەرفەتەكان) ئاماژەی بە پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی ناوچەکە بە گشتی کرد. 
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: من ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەو حکوومەتەم گرتە ئەستۆ، بۆ ئەوەی چاکسازی ئەنجام بدەم، بەڵام دوای دەستبەکاربوونم ڕووبەڕووی چەندین ئاڵه‌نگاری بووینەوە، بەڵام وێڕای هەموو ئەو شتانە بەردەوام بووین لە چاکسازی. 
هەروەها گوتی: بڕینی بوودجە دۆخەکەی سەختر کرد لەسەرمان، لە کاتێکدا ڕووبەڕووی داعش دەبووینەوە  و 2 ملیۆن پەنابەرمان لە هەرێمی کوردستان حەواندەوە، کەچی بووجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕی. گوتیشی، حکوومەتی عێراق 3 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار قەرزاری هەرێمی کوردستانە. 
هەروەها مەسرور بارزانی گوتی: لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی داهات و کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی داهات ئەو دۆخەمان چارەسەر کرد و توانیمان هەموو مانگێک مووچەی فەرمانبەران بدەین و ژمارەیەک پڕۆژەش جێبەجێ بکرێت.
مەسرور بارزانی گوتیشی: تەنیا لە چوارچێوەی حکوومەتدا بڕی 8 ملیار دۆلار یارمەتیی داراییمان بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی گەشتیاری، پیشەسازی و نیشتەجیبوون، کشتووکاڵ، پەروەردە، وەرزش و هونەر دابین کردووە، هەروەها ئاماژەی بە پڕۆژەی دروستکردنی سایلۆکان دا لە هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بەوە کرد تەنیا لە هەولێر ئەو پیشەسازییە خۆراکییە توانای ئەوەی هەیە یه‌ك ملیۆن تەن دانەوێڵە وەربگرن. هەروەها گوتیشی: حکوومەت بەرهەمی جوتیاران وەردەگرێ بۆ ئەوەی ساغی بکاتەوە.
گوتیشی: 740 پڕۆژەی تایبەتمان پەسەند کردووە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت، پڕۆژەکانیش هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 1100 ڕێگه‌ بنیات نراون و نۆژەن  کراونەتەوە، هەروەها زیاتر لە 4000 یەکەی نیشتەجێبوون دروستکراون بۆ ئەو کەسانەی کە داهاتیان کەمە و 21 پڕۆژەی بەنداویش دروستکراون کە 32 ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخانکراوە. 
مەسرور بارزانی سەبارەت بە پرسی گەندەڵی گوتی: ئاستی گەندەڵیمان یەکجار کەم کردووەتەوە، لێپرسینەوە لەگەڵ ژمارەیەک کەسیش کراوە سەبارەت بەو پرسە. 
 هەروەها مەسرور بارزانی سەبارەت بە داعش قسەی کرد و گوتی: داعش ئێستاش هەڕەشەیەکی گەورەیە نەک تەنیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ تەواوی جیهان. هەروەها گوتی: ئەو دۆخە ناخۆشەی لە عێراق هەیە بواری بۆ داعش ڕەخساندووە تاوەکو برەو بەخۆیان بدەن، هەروەها توانای ئەوەیان هەیە خەڵک بۆ ڕیزەکانیان بانگهێشت بکەن و هێرش ئەنجام بدەن. لەمبارەیەوە گوتی: داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنی ناوچە کێشە لەسەرەکان وەرگرتووە، بۆ ئەمەش چاکسازی کراوە بۆ نەهێشتنی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بە پێکهێنانی لیوایەکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
هەر سەبارەت بەم بابەتە مەسرور بارزانی گوتی: داعش تاوەکو ئێستاش بوونی هەیە و چالاکییان لە ناوچەکەدا هەیە، هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێویستی بە پاڵپشتی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران مەسرور بارزانی گوتی: هەمیشە ویستوومانە ببینە هۆکارێک بۆ سەقامگیری و چارەسەر لە ناوچەکە، دەمانەوێت لە دەرەوەی کێشەی ئێران و ئەمریکا بین. گوتیشی پێویستە ئەوانیش ڕێز لە سەروەری کوردستان بگرن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: هەڵبژاردن حووکمی خەڵکە و خەڵک چاودێری کاروباری پارتەکان دەکات، خەڵک یان سزای پارتەکان دەدات یان خەڵاتیان دەکات، سەرکەوتنی پارتیش بەمانای ئەوە دێت خەڵک خەڵاتی کردبن. گوتیشی پارتی پێشەنگ بووە لە ڕووی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری.
سەبارەت بە بوونی ململانێکانی نێوان تورکیا و پەکەکەش، مەسرور بارزانی گوتی: نەتوانراوە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ 800 گوندی کوردستان بگەیەنرێ بەهۆی ململانێکانی نێوان تورکیا و پەکەکە. هەروەها گوتی: پەکەکە هۆکار بووە بۆ ئەوەی تورکیا بێتە خاکی هەرێمی کوردستان، ئەگەر پەکەکە لەو ناوچە سنووریانە نەبووایە تورکیا نەیدەتوانی بێتە ئەو شوێنانە.
مەسرور بارزانی لەبارەی ڕێککەوتنامەی شنگال گوتی: ڕێککەوتننامەی شنگالمان لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق ئەنجام دا، بە گوێرەی ڕێککەوتنامەکە پێویستە هەموو هێزەکان لە شنگال دەرچن، مەلەفی ئەمنی بدرێتە دەستی خەڵکی نێو شاری شنگال، بەڵام ڕێکەوتننامەکە جێبەجێ نەکراوە. گوتی: پیویستە حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی دامەزراوە یاساییەکانەوە بچنە شنگال و ڕێککەوتننامەکە جێبەجێ بکەن، هەروەها پێویستە پەکەکە لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە. 
مەسرور بارزانی سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە ڕێز لە ئازادی ڕادەڕبرین و مافی مرۆڤ دەگرین، هەروەها پاڵپشتیشی دەکەین، هەندێک لە لایەنە ڕکابەرەکان لە ڕێگەی ئەو بابەتەوە دەیانەوێ هێرش بکەنە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لەم کۆتاییەشدا ئاماژە بە کۆمەڵێک لە دەستگیراوان دەکرێت لەمبارەیەوە گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان سیستەمی دادگەری هەیە و حکوومەت ناتوانێت ده‌ستوه‌ردان له‌ سیستەمی دادوەری بکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.