دەیچۆل عەبدوڵڵا نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە عێراق رایگهیاند : سێ سەنتەر بۆ رزگاربووانی توندوتیژی جێندەری کراونەتەوە کە ساڵانە دەتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەیش بە نزیکەی 60 ھەزار ئافرەت و منداڵ بکات.
بەمەبەستی ھاوکاریکردنی دەروونیی و تەندروستیی گشتیی بۆ ئەو ئافرەتانەی کە رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، سەنتەری چارەسەری رووبەڕووبووانی توندوتیژی لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان لە ھەولێر کرایەوە.
لە رێورەسمێکدا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان لە ھەولێر، دکتۆرە شادان شێروان حەیدەری رایگەیاند کە ئەو سەنتەرە کاردەکات بۆ ئەوەی ھاوکارییە تەندروستیی و دەروونییەکان پێشکەش بەو ئافرەتانە بکات کە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
پڕۆژەکە لەلایەن رێکخراوی یونیسێف و کۆرۆدید کاری تیاداکراوە.
لە میانی رێورەسمەکدا، نوێنەری رێکخراوی یونیسێف لە عێراق، دەیچۆل عەبدوڵڵا رایگەیاند کە سەدا 80ی ئەو پڕۆژانەی کە رێکخراوەکە ئەنجامی داوە، پەیوەستن بە منداڵان و ئافرەتانەوە.
دەیچۆل عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد کە ئەمساڵ رێکخراوەکە سێ سەنتەری بۆ رزگاربووانی توندوتیژی جێندەری کردووەتەوە کە ساڵانە دەتوانێت خزمەتگوزاری پێشکەیش بە نزیکەی 60ھەزار ئافرەت و منداڵ بکات و ھەماھەنگی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات تاوەکو زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە ئافرەتان بکات و لە ھەمانکاتیشدا کار دەکات بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی و کارکردن بۆ زیاتر ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا.
سەنتەری خزمەتگوزاریی بۆ ئەو ئافرەتانەی رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، بریتییە لە ناوەندی راوێژکاریی و چارەسەری جەستەیی و دەروونیی بۆ ئافرەتان کە ھەریەک لە وەزارەتی تەندروستی، ناوخۆ و کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ھەماھەنگی دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە و وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان کارمەند، کەرەستە و خەرجییەکانی لە ئەستۆ دەگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.