کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆی 340 تانە دژ بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، 18 تانە پەسەند دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2021، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: 340 تانە دژی ئەنجامەکانی دەنگدان ئاراستەی کۆمسیۆن کراوە و 18 تانە پەسەنکراوە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار دراوە لە 234 وێستگەی دەنگدان ژماردنی دەستی بۆ دەنگەکان ئەنجام بدرێت.
کۆمسیۆن ڕایگەیاند: 340 تانە ئاراستەی ئەنجومەنی کۆمسیاران کراوە، دوای پشکنین بۆ تانەکان 322 تانە ڕەتکراونەتەوە و 18 تانە پەسەند کراوە.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هۆکاری ڕەتکردنەوەی تانەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە گرینگترینیان نەبوونی بەڵگەی هاوپێچە لەگەڵ تانەکان، هەروەها بەشێکیشیان پێچەوانەی ماددەی 38ـی یاسای هەڵبژاردنەکان بوو.
هەروەها کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند: بەپێی بنەمای پەسەندکردنی 18 تانە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە بڕیار دراوە پڕۆسەی ژماردنی دەنگەکان بۆ 234 وێستگە لە پارێزگاکانی بەغداد، سەڵاحەددین و بەسڕە ئەنجام بدرێت.
جێی باسە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ماوەی پێشوودا ڕایگەیاند، پشکنین بۆ هەموو ئەو تانە و داواکارییانە دەکرێت کە دژ بە ئەنجامەکانی دەنگدان ئاراستەی ئەنجومەنی کۆمسیاران دەکرێت بەڵام پێویستە بەڵگەی پێویست لەگەڵ تانەکان هاوپێچ کرابێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.