لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕا بوون لەوەی حکوومەتی داهاتووی عیراق وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتیان بێت.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/10/21 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ڕیچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی عیراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامەکانی، پێشکهوتنی پرۆسهکه لهچاو جارانی پێشوو و گرنگیی یهکلاکردنهوهی ههر کێشهیهک به ڕێکاره یاسایییهکان، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، سەردانی مانگی ڕابردووی نێچیرڤان بارزانی بۆ لەندەن، هەنگاوەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید_19، شەڕی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش، تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکان کردەوە و هاوڕا بوون لەوەی حکوومەتی داهاتووی عیراق وەڵامدەرەوەی خواست و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتیان بێت. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆڤید_19 و کاریگەرییەکانیشی بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و ئابووریدا، فراوانکردنی پرۆسەی کوتانیان بە ڤاکسینی دژی پەتاکە بە پێویست و گرنگ زانی، هەروەها خۆشحاڵییان بە پرۆسەی هەماهەنگیی پێشمەرگە و سوپای عیراق بە یارمەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش، نیشان دا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەم پێناوەدا کردەوە، هەروەها سوپاسی پشتگیری و هاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە بەردەوامیی بەدواداچوونی ئەنجامی سەردانیان بۆ لەندەن و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی بەریتانیا دا و ستایشی ڕۆڵی باڵیۆزخانە و کونسولخانەی بەریتانیای لە بەغدا و هەولێر لەمبارەیەوە کرد.
تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەند پرسێکی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون کە کونسولی گشتیی بەریتانیاش تیایدا ئامادە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.