Erbil 10°C شەممە 18 کانوونی دووەم 22:27

گوته‌بێژی پارتی: پێشمه‌رگه‌ هێزێکی ده‌ستوورییه‌ و ئه‌وه‌ی شتی تر ده‌ڵێ بۆخۆی وا ده‌ڵێ

کوردستان TV
100%

 گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ڵامی لێدوانی سه‌رۆك ڕه‌وتێكی له‌ عێراقی دایه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ هێزێكی ده‌ستوورییه‌ و له‌ عێراق ده‌نگی له‌سه‌ردراوه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی تاوتووێکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و یەکڕیزی کورد لە بەغدا لەگەڵ حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا و مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند کاردەکەین بۆ یەکخستنەوەی هەموو ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ئەگەر بکرێ، گوتیشی ئێمە ڕاستە ڕکابەریین بەڵام لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕکابەرنین و تەنها دیدگامان بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لە کێشەکان جیاوازە.

مەحموود محەممەد گوتی: پێشتر ئەندام پەرلەمانی وا هەبووە لە عێراق کە بوونەتە دارودەستی ئەوانەی کە نەیاندەتوانی قسە بە کورد بڵێن ئەوان دەیانوت، بۆیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەسەر خەتین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەوە ڕوونەداتەوە.

هەروەها سەبارەتی بەو لایەنانەی کورسییان نییە لە پەرلەمانی عێراق گوتی، بەشێک لەو حیزبانە ڕاستە کورسییان نییە لە پەرلەمانی عێراق بەڵام لە سیاسەتی هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە و هەموو لایەنەکانیش پەیوەندیدارن بە کۆمەڵێک کێشە بە نموونە کێشەی ناوچە لەسەرەکان بۆیە پێویستە ئەوانیش پشتیوان بن.

سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕانیش مەحموود محەممەد گوتی: گۆڕان ئەگەر کورسیشی نەبێت بوونی هەیە لە سیاسەتی کوردستان و وەکوو پارتیش ڕێککەوتنمان لەگەڵیان هەیە کە یەکیان سیاسی و یەکێکیان ئیدارین، گوتیشی ئێمە پابەندین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەمان.

سەبارەت بەو قسانەشی کە لە ماوەی پێشوودا پێشمەرگەیان بە میلیشیان ناوبرد لەلایەن سەرۆکی ڕەوتێکەوە لە عێراق گوتی: پێشمەرگە میلیشیا نییە و هێزێکی دەستوورییە و لە عێراق دەنگی لەسەر دراوە، هەر کەسێکیش وایگوتبێت بۆ خۆی وای گوتووە.

سەبارەت بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێكهێنانی حکوومەت مەحموود محەممەد گوتەبێژی پارتی گوتی: لەگەڵ لایەنە براوەکانی عێراق کۆبووینەتەوە و بەرنامەی خۆمان پێ ڕاگەیاندوون، لەداهاتووشدا لەگەڵ لایەنەکان کۆبوونەوە دەکەین کام لایەن بەرنامەی نزیک بوو لە پارتییەوە لەگەڵی ڕێکدەکەوین، هەروەها گوتیشی ئەوەی گرنگە کۆی حوکمڕانی عێراق پێویستی بە گۆڕینە و پێویستە کێشەکان چارەسەربکرێن و وەکوو پێشوو کەڵەکە نەکرێن و وازبهێنن لە سیاسەتی کەڵەکە کردنی کێشەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.