سەرچاوەیەکی ئەمنی لە عێراق رایگەیاند کە ھێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوەڕاستی بەغدای پایتەخت بڵاوکراوەتەوە، ئەوەیش لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت لایەنگرانی ھاوپەیمانیی فەتح خۆپیشاندان دژبە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ناوەڕاستی بەغدا، ئەنجام بدەن.
سەرچاوەکە بە میدیا عێراقییەکانی رایگەیاندووە کە ھێزێکی زۆری ئەمنی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا بڵاوکراونەتەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکە، بڵاوکردنەوەی ھێزە ئەمنییەکان لە دەورووبەری ناوچەی سەوز لە کاتێکدایە کە لایەنگرانی ھاوپەیمانیی فەتح ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی خۆپیشاندان دژبە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ناوچەی جادرییە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجام بدەن.
دوێنێ یەکشەممە، لایەنگرانی ئەو لایەنانەی کە لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی دەنگی کەمیان بەدەستھێناوە لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق، خۆپیشاندانیان دژبە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان ئەنجام دا.
بەپێی دوایین ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوتەوە، ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری 17 کورسی بەدەستھێناوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.