Erbil 12°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 17:03

ژمارەیەک لایەنی شیعە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەیان رەتکردەوە

کوردستان TV
100%

ژمارەیەک لایەنی سیاسیی شیعە لە عێراق رایانگەیاند کە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندراوە، رەت دەکەنەوە.

ھەریەک لە ھاوپەیمانیی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی و عەسائیبی ئەھلی حەق بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و کەتائیب حزبوڵڵا بەسەرۆکایەتی ئەبو حوسێن حەمیداوی رایگەیەندراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "سەرجەم تێبنییەکانمان لەسەر پرۆسەی دەنگدان، پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کردووە و لای خۆیەوە کۆمیسیۆن بەڵێنی داوە سەرجەم ئەو کێشانە چارەسەر بکات"، بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی ناوەڕۆکی تێبنییەکان بخرێتەڕوو.

لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە "کۆمیسیۆن پابەند نەبووە بەسەرجەم ئەو رێوشوێنە یاساییانەی کە پێشتر راگەیاندبوو، لەبەرئەوە رایدەگەیەنیین، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە رەت دەکەینەوە و تانەیان لێ دەدەین و ھەموو رێوشوێنێکی گونجاو بۆ بەرگرتن لە یارییکردن بە دەنگی دەنگدەران، دەگرینەبەر".

بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە دوێنێ دووشەممە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندرا، ژمارەی کورسییەکانی لایەنە شیعەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە لەنێویاندا ھاوپەیمانیی فەتح کە ژمارەی کورسییەکان بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی 2018، 34 کورسی کەمی کردووە و 14 کورسی بەدەستھێناوە.

ھاوپەیمانیی فەتح لە ھەڵبژاردنەکانی 2018دا، 48 کورسی بەدەستھێنابوو.

ھەر بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستھێنانی 73 کورسی بوو بە گەورەترین فراکسیۆنی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوای ئەوەیش ھاوپەیمانیی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی بە بەدەستھێنانی 38 کورسی بوو بە دووەم فراکسیۆنی گەورەی ئەنجوومەنەکە، ھەروەھا ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، 37 کورسی بەدەستھێناوە و لە پلەی سێیەمدایە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.