کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئاماژە بەوە دەکات هەژمارکردنی ئەنجامی دەنگدان بەشێوەی دەستی و ئەلیکترۆنی بە ڕێژەی %100 وەکوو یەکبوون.
جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگا میدیا عێراقییەکان ئەمڕۆ شەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2021، ڕایگهیاند: دوای کۆتایی هاتنی دەنگدانی تایبەت، دەنگەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و دەست ژمێردران و پاشان بهراورد كران، دەرکەوت ڕێژەکانیان وەکوو یەکن.
جومانە غەلای ئاماژە بەوەش دەکات، ژماردنی دەنگەکان بەشێوەی دەستی و ئەلیکترۆنی بەشێوەی %100 وەکوو یەکبوون.
شایهنی باسه، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەرانی تایبەتی ڕاگەیاند، کە ڕێژەکە گەیشتووەتە %69، لە کۆی 1 ملیۆن و 169 هەزار دەنگدەر 821 هەزار و 800 هاووڵاتی بەشداری دەنگدانیان كردووه.
هەروەها بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2021، دەنگدانی گشتی دەستپێدەکات و هاووڵاتییان دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکەن و نوێنەرەکانیان سەربخەن بۆ پەرلەمانی عێراق.
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە، زیاتر لە 25 ملیۆن هاووڵاتی لە سەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە و 3243 کاندید ڕکابەری دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسیێک لە کۆی گشتی 329 کورسی پەرلەمانی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.