Erbil 14°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 12:31

کۆمیسیۆن: ئەمڕۆ ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت راناگەیەندرێت

کوردستان TV
100%


کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند کە ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت لەگەڵ ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتیی رادەگەیەندرێت.

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، جومانە غەلای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، گرنگی دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە ئەمڕۆ ھەینی لەسەرانسەری عێراق دەستی پێکردووە، ھیچ لە دەنگدانی گشتیی کەمتر نییە و گوتی:  ئەمڕۆ ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت راناگەیەندرێت".

جومانە غەلای گوتیشی: "کۆمیسیۆن جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت دوای 24 کاتژمێر لەگەڵ ئەنجامەکانی دەنگدانی گشتیی، رادەگەیەندرێت".

بەیانی ئەمڕۆ ھەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە سەرانسەری عێراق دەستی پێکرد کە دەنگدەران دەتوانن لە 595 بنکەی دەنگدان دەنگی خۆیان بدەن.

پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری ھاووڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت.

لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و 75 ھەزار و 727کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، 120 ھەزار و 126 ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش 671کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا 24 ملیۆن و 907 ھەزار و 679 کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە 14 ملیۆن و 316 ھەزار و 237 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.