ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م، وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له نه‌خۆشخانه‌ی ئێمه‌رجنسی له شاری هه‌ولێر سه‌ردانی ئه‌و دوو پۆلیسه‌ی كرد كه شه‌وی ڕابردوو له گه‌ڕه‌كی بێترمه‌ی شارۆچكه‌ی شه‌قڵاوه له ئه‌ركی فه‌رمیدا و له كاتی ڕووبه‌ڕووی دوو تاوانبار بریندار كرابوون.
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆ له لێدوانێكدا بۆ (كوردستان تیڤی) ڕایگه‌یاند كه به نوێنه‌رایه‌تی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی پۆلیسه برینداره‌كانی كردووه تا له نزیكه‌وه دڵنیا ببینه‌وه له ڕه‌وشی ته‌ندروستیان.
وه‌زیری ناوخۆ ڕایگه‌یاند كه سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕایسپاردوون هه‌رچییه‌ك پێویست بێت بۆ باشبوونی باری ته‌ندروستی هه‌ردوو پۆلیسه برینداره‌كه ئه‌نجامی بده‌ن و وه‌ك وه‌زاره‌تی ناوخۆش له‌مباره‌یه‌وه ئاماده‌ی پێشكه‌شكردنی هه‌موو شتێكن.
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ی بۆ هه‌ردوو پۆلیسه برینداره‌كه خواست و جه‌ختی كرده‌وه كه تۆمه‌تباره‌كان سه‌ر به هه‌ر هۆز و لایه‌نێك بن ده‌ستگیر ده‌كرێن و ناتوانن له ده‌ست یاسا ڕابكه‌ن و توندترین سزاش به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێنرێ.
له كۆتاییدا وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد كه ده‌ركه‌وتووه هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه پێشتر پێشینه‌ی تاوانی دیكه‌یان هه‌بووه و داواشی له هه‌موو ئه‌و كه‌سانه كرد كه به ناوی ڕیش سپی و پیاوماقووڵ و ناسراوییه‌وه خۆیان نه‌كه‌نه په‌ناگه بۆ داڵده‌دانی كه‌سانی سه‌رپێچیكار و لاده‌ری یاسا و تۆمه‌تبار، چونكه له ئه‌نجامدا خۆشیان به‌رپرسیار ده‌بن.
جێی باسه پۆلیسی هه‌ولێر له‌باره‌ی ڕووداوه‌كه ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كردبووه‌وه: شەوی ڕابردوو دوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن هاوولاتیيەک لە بەشی پۆلیسی شەقڵاوە/ بنکەی پۆلیسی بێترمە کە دوو تۆمەتبار هەڕەشەی هاتنە سەر ماڵی لێ دەکەن، هێزەکانمان دەچێتە شوێنی دیاریکراو بە مەبەستی چاودێریکردنی شوێنەکە.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه: کاتژمێر 2ی شەو هەردوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ا. ا. ع.) و (م. ک. هـ.) هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئەم هاوولاتییە و تۆمەتباران ڕووبەڕووی هێزەکانمان ده‌بنه‌وه، لە ئاکامدا دوو کارمەندی پۆلیس بە ناوەکانی (ڕێبەند ئه‌رسەلان کمال) و (مهدی عه‌بدولموته‌ڵیب) بە سەختی زامدار دەبن.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه هێزەکانیان توانیان تۆمەتبارێک دەستگیر بکه‌ن و ئێستاش لە هەولدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری دووەم.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.