Erbil 15°C شەممە 11 کانوونی دووەم 14:40

گوته‌بێژی حکوومه‌ت سه‌باره‌ت به‌‌ دابه‌شکردنی نه‌وت و 200 ملیاره‌که‌ی عێراق زانیاری خسته‌ڕوو

کوردستان TV
100%

 

گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا زانیاری سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ماڵان و ناردنی 200 ملیاره‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراق بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان خسته‌ڕوو.

جوتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌ت له‌ كۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ میدیاكار و ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن دوا و ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی خسته‌ڕوو‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی، جوتیار عادل ڕایگه‌یاند: سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیری نه‌وتی عێراق كۆده‌بنه‌وه‌ و خشته‌ی دابه‌شكردنی به‌شه‌ نه‌وتی سپی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان تاوتوێ ده‌كه‌ن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ ئومێده‌وارن له‌ زووترین كاتدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر هاووڵاتییان بكرێ.

ئاشكراشی كرد، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ماڵان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌ و له‌ كاتی گه‌یشتنی به‌شه‌ نه‌وتی سپی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ به‌ هاووڵاتییان ده‌درێ و سه‌ره‌تاش له‌ ناوچه‌ سنووری و شاخاوییه‌كان ده‌ست پێ ده‌كرێ.  

سه‌باره‌ت به‌ 200 ملیار دیناره‌كه‌ی حكوومه‌تی عێراق، گوته‌بێژی حكوومه‌ت ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق هه‌یه‌ و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش‌ وه‌ك سولفه‌ ده‌درێ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا هاتووه‌ هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م مافه‌كانی كوردستان به‌پێی ده‌ستوور دابین بكرێ.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.