Erbil 10°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 23:06

وزاره‌تی شاره‌وانی: له‌ کابینه‌ی نۆ تا ئێستا 262 پڕۆژه‌ جێبه‌جێ کراون

کوردستان TV
100%

 جێبه‌جێكردن و پلادانان بۆ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانى له‌نێو پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان، هۆیه‌كه‌ تا هاووڵاتییان له ‌زۆر ڕووه‌وه‌ سوودمه‌ندبن و ئاسانكاری له‌هه‌موو ڕووه‌كانه‌وه‌ بێته ‌ئاراوه‌.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ر وه‌زاره‌تێك له ‌شوێنى خۆى ساڵانه‌ پلان داده‌نێ بۆ ئه‌وه‌ى له ‌داهاتوودا پڕۆژه‌كانى جێبه‌جێ بكات، ئه‌گه‌ر بێتوو باس له ‌هه‌ر وه‌زاره‌تێك بكه‌ین و ڕاسته‌وخۆ كاره‌كانیان بخه‌ینه‌ڕوو، ده‌بینین زۆر كاری گرینگ كراوه‌ بۆ نموونه‌،  كار و پڕۆژه‌كانى وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار له‌ هه‌موو پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وامه‌.

ساسان عه‌ونى وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار بۆ لاپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنى وه‌زاره‌ته‌كه‌ی چه‌ندین پڕۆژه‌ى  به ‌ژماره‌ خستۆته‌ڕوو و ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر به ‌ژماره‌ له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى كوردستان باس له‌ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كان بكه‌ین ئه‌وا به‌شێكی زۆری پڕۆژه‌ی گرینگ و ستراتیژین و له‌م بواره‌ش 39 پڕۆژه‌‌‌ له‌ بوارى خزمه‌تگوزارییه‌كانى شاره‌وانى جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌شێكی ئه‌و پڕۆژانه‌ له ‌ته‌واوبووندان، هه‌روه‌ها 10 پڕۆژه‌ له ‌بوارى ئاو و 3 پڕۆژه‌ش‌ له ‌بوارى گه‌شتوگوزارن.

وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو كه‌ كۆى گشتى پڕۆژه‌كان كه‌ تا ئێستا له‌م كابینه‌یه‌دا دروستكراون بریتین له‌ 262 پڕۆژ كه‌به‌شێكیان جێبه‌جێ كراون و به‌شێكیانیش له‌ جێبه‌جێكردندان، ئه‌و پڕۆژانه‌ش له‌سه‌ر داهاتى شاره‌وانییه‌كانه‌، جگه‌ له‌مه‌ش 117 پڕۆژه‌ی تر له‌سه‌ر داهاتى ئاو جێبه‌جێ ده‌كرێن، 18 پڕۆژه‌ى دیكه‌ش له‌سه‌ر داهاتى وه‌زاره‌تى شاره‌وانییه.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌‌ ئه‌م پڕۆژانه‌ هه‌موو پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان ده‌گرێته‌وه‌. له ‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیشدا ساسان عه‌ونی باس له‌وه ‌ده‌كات:‌ له‌گه‌ڵ فراونبوونى شاره‌كان دیاره‌ پێویستى خزمه‌تگوزارى زیاتریان ده‌وێ، ئێمه‌ش هه‌رده‌م له ‌كاره‌كانمان به‌رده‌وامین بۆ هه‌ر بابه‌ت و پڕۆژه‌یه‌ك پلانێكى توكمه‌ داده‌نێن، تا پڕۆژه‌كان جێبه‌جێ بكرێن و به‌ ده‌م داواكارى خه‌ڵكه‌وه‌ بێین.
 
ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات له‌هه‌موو باروودۆخه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێم یه‌ك رۆژیش خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى فه‌رامۆش نه‌كردووه‌ و سه‌ره‌ڕایى بوونى قه‌یران ئه‌م خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ به‌رده‌وام بوونه‌، هه‌ر ده‌رفه‌تێك حكوومه‌ت پاشه‌كه‌وتێكى هه‌بووبێ پڕۆژه‌ى پێ جێبه‌جێ كردووه‌، بۆیه‌ له ‌پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و خزمه‌تكردنى شار و شارۆچكه‌كان به‌رده‌وام ده‌بین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.