به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی شاری نه‌جه‌ف ئاشكرای كرد، به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن، نزیكه‌ی 80 هه‌زار كه‌س سه‌ردانی شاری نه‌جه‌ف و عێراق كردووه.
حیكمه‌ت ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف بۆ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی عێراق ڕایگه‌یاند: له ماوه‌ی 10 ڕۆژی ڕابردوودا و بۆ به‌شداریكردن له چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن 75 تا 80 هه‌زار كه‌س له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی شاری نه‌جه‌فه‌وه هاتوونه‌ته خاكی عێراق.
ڕاشیگه‌یاند كه ڕۆژانه له فڕۆكه‌خانه‌ی شاری نه‌جه‌ف 100 گه‌شتی ئاسمانی هه‌بووه.
به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف ئاشكراشی كرد كه له سبه‌ی سێشه‌مه‌وه گه‌شته‌كان پێچه‌وانه ده‌بنه‌وه و له فڕۆكه‌خانه‌ی شاری نه‌جه‌فه‌وه سه‌ردانیكه‌ران ده‌گه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كانیان.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له سه‌ردانه فه‌رمییه‌كه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی بۆ ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته رێككه‌وتبوو ژماره‌ی گه‌شتیارانی ئێرانی بۆ عێراق به مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن له 40 هه‌زار بۆ 80 هه‌زار گه‌شتیار زیاد بكات.
حكوومه‌تی عێراق پێشتر جه‌ختی كردبووه‌وه كه بۆ ئه‌مساڵ پشكنینی وردی ته‌ندروستی بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌ن وه‌ك سه‌ردانیكه‌ر دێنه عێراق بۆ به‌شداریكردن له مه‌ڕاسیمی چله‌ی ماته‌مینی ئیمامی حوسێن وه‌ك ڕێگرییه‌ك بۆ ته‌شه‌نه‌كردنی زیاتری په‌تای ڤایرۆسی كۆڕۆنا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.