بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پردی زێی گەورە بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بکرێتەوە و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەش رایگهیاند، پردی زێی گەورە، گەورەترین و درێژترین پردە لە ھەرێمی کوردستان و بە کردنەوەشی ئاسانکاری لە ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستاندا دەکات.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەی پردی زێی گەورە بە فەرمی بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بکرێتەوە، کە دەکەوێتە نێوان ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک و ھەردوو سایدی پردەکە دەکرێنەوە و ھاتووچۆ تێدا ئاسایی دەبێت، کە گەورەترین و درێژترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، چونکە درێژییەکەی دەگاتە 928مەتر.
عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پردی زێی گەورە، کاریگەری لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ھاووڵاتیان دەکات، چونکە دەکەوێتە رێگای سەرەکیی ھەولێر - دھۆک و رێگایەکی سەرەکیشە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان، کە پێشتر تەنیا یەک ساید بە ڕووی ھاوڵاتیاندا کرابووەوە و کارکردن لە پڕۆژەکەشدا بەردەوام بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.