ئەمڕۆ دووشەممە 27ـی ئەیلوولی 2021، کەناڵی دی دەبڵ یووی ئەڵمانی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیای بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە بڵاوکراوەنەتەوە، پارتی سۆسیال دیموکرات لە %25.7ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، هەروەها پارتەکانی یەکێتیی کریستیان دیموکرات و یەکێتی سۆسیال کریستیان 24.5%ـی دەنگەکان و پارتی ژینگە پارێزە سەوزەکانیش %11.5 دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
لەو بارەیەوە ئۆلاف سکۆڵز کاندیدی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و گوتی: خەڵکی ئەڵمانیا بڕیاریداوە کە کێ هەڵدەبژێرن، بۆیە ئێستا چاوەڕێی ئەنجامەکانی کۆتایین، سکۆڵز ڕاشیگەیاند، ئەوەی پێویست بێت بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات هەمانە و لەداهاتوودا دێینە پێش بۆ حووکمڕانی.
هەردوو پارتەکانی سۆسیال دیموکرات و کریستیانەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا گوتیان دەیانەوێ سەرۆکایەتی حکوومەت بکەن، بەپێی ئەنجامە بەراییەکانیش هەر لایەنێکیان بتوانن هاوپەیمانی پێویست ببەستن ئەوا دەتوانن ڕابەرایەتی حکوومەتی داهاتووی ئەڵمانیا بکەن، ئەمەش پێویستی بە دانووستاندنێکی چڕ و قوڵ هەیە لە نێوان لایەنەکان.
شایەنی باسە، دوێنێ یەکشەممە 26ـی ئەیلوولی 2021 لە هەڵبژاردنێکی سەرتاسەریدا هاووڵاتییانی ئەڵمانیا دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ و کەسێک بۆ شوێنگرەوەی ئەنگێلا مێركل.
ئا. عەبدوڵڵا ئازاد
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.