Erbil 17°C ھەینی 10 کانوونی دووەم 11:44

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای (قەرەداغ-سەنگاو) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

کوردستان TV
100%

 

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەستپێکردنی کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگای قەرەداغ-سەنگاو رادەگەیەنێت و جەختیش دەکاتەوە لە ئایندەدا کاری زیاتر لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و لە کاتی دیاریکراودا بە ئەنجام بگەیەنرێت.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م بە ئامادەبوونی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەستپێکردنی کارکردن لە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگای قەرەداغ سەنگاو ڕاگەیەنرا و چووه‌ بواری جێبەجێکردنەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری دارایی و ئابووری خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئامادەبوونی لەو ڕێورەسمەدا و ڕایگەیاند: بۆ من جێگای خۆشحاڵییە کە بۆ جارێکی تر لە پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەی ئەم سنوورە بەشداردەبم کە سەرەڕای قەیرانی دارایی و لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، ئەم جۆرە پڕۆژانەش ئەنجام دەدرێن.

ھاوکات سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ دەربڕینی ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەکە و گوتی: ئەوە بەری کاری ھاوبەشی حکوومەتی ھەرێم و تەبایی و یەکڕیزیی و بەرنامەی چاکسازییە. هه‌روه‌ها سوپاسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنیشی کرد کە بەو پلان و بەرنامەیەی دایانناوە سەرقاڵی دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی کوردستانن کە ئەوەش دەبێتە بنەمای ژێرخانێکی ئابووری بەھێز.

لای خۆیەوە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕایگەیاند: بەخۆشحاڵییەوە لەگەڵ بەڕێز وەزیری دارایی ھاتووین بۆ سنووری قەرەداغ بۆ دەستپێکی پڕۆژەیەکی گرینگ و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی ڕێگای قەرەداغ سەنگاو.

ئاماژەی بەوەش کرد: ئەم پڕۆژەیە جێبەجێکردنی داواکاری ھاووڵاتییانی سنوورەکەیە کە لە ڕابردوودا سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیان کردبوو، دواتر بە ھەوڵ و ھیمەتی ھەمووان ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەرچوو، ئەمڕۆش بە خۆشحاڵییەوە لێرەین کە وەک یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی پڕۆژەکە دیاریکراوە و ستافی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکەن.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی کرد بۆ ڕەزامەندی و ھەماھەنگی لەم پڕۆژەیەدا و جەختیشی کردەوە كه‌ ئەوەی لە توانایاندا بێت بۆ خەڵکی ئەم سنه‌ورە و سەرجەم ناوچەکان درێغی ناکەن. هەروەها گوتی كه‌ لە ئایندەدا کاری زیاتر لەسەر ئەم پڕۆژەیە دەکەن و پێداچوونەوە بە دەرخستەکەش دەکەن، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە و لە کاتی دیاریکراودا بە ئەنجام بگەیەنرێت، تاوەکو بە شێوەیەک پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت کە بۆ چەندین ساڵی تر پێویستی بە نۆژەنکردنەوە نەبێت.

پڕۆژەکە بەشێکە لە کارە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و پێکهاتووە لە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکە بە درێژیی (21.65)کم، بڕی (725.230.00)ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگاوبانی سلێمانییەوە جێبەجێ دەکرێت.

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.