وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەبارەی پلە تایبەتەکان گەڕانەوەی بۆ نییە و دەبێ جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی ئەیلوولی 2021 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو ئیجرائاتانەی دەستیپێکردووە سەبارەت بە کەمکردنەوەی مووچەی پلە تایبەتەکان.
ئاوات شێخ جەناب ئاماژە بەوەش دەکات، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی لەبارەی پلە تایبەتەکان گەڕانەوەی بۆ نییە و پێویستە جێبەجێ بکرێ، دەشڵێت پلە تایبەتەکان بەمە ڕازین.
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، پلە تایبەتەکانیش بە سوپاس و خۆشحاڵییەوە ئامادەییان دەربڕیووە کە لەگەڵ گوزەرانی خەڵکبن، گوتیشی "نەمبیستووە کەسیان گلەیی بکەن."
ئاوات شێخ جەناب سەبارەت بە دەروازە سنوورییەکانیش قسەیکرد و گوتی: دەروازەکانی عێراق بە باشی کۆنترۆڵ ناکرێن و پشێوی هەیە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر سنووری پەروێزخان و باشماخ هەبووە، ئاماژەی بەوەشکرد وەزارەتی دارایی سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەکانن، هەواڵی خۆشمان پێدەگات کە بەرەو باشی دەڕوات .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.