Erbil 12°C شەممە 28 کانونی یەکەم 17:37

پارێزگاری هەولێر سەردانی ئەو دوو پێشمەرگەیه‌ی کرد کە لە ناحیەی ڕزگاری برینداربوون

ئه‌وه‌ى كراوه‌ تاوانێكى گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێت بكه‌رانى به‌سزای یاسایى خۆیان بگه‌ن
کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر سەردانی ئەو دوو پێشمەرگەی کرد، کە لە ناحیەی ڕزگاری برینداربوون، هیوای سەلامەتی و زووچاکبوونەوەی بۆخواستن و ئامادەیی هەر هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ چارەسەرکردنیان نیشاندا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2021، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئیمرجنسى سه‌ردانى ئه‌و دوو پێشمه‌رگه‌یه‌ى هێزه‌كانى زێره‌ڤانى كرد كه‌ سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ھێزێكى فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی به‌ئه‌ركى فه‌رمى چوون بۆ ناحیەی رزگاری بەمەبەستی ڕێگریكردن له‌ ئه‌نجامدانى زێدەڕۆیى، لە ئاکامدا چه‌ند كه‌سێك ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامى ته‌قه‌كردن له‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى زێره‌ڤانى ئه‌فسه‌رێك و پێشمه‌رگه‌یه‌ك بریندار بوون كه‌ برینى پێشمه‌رگه‌یەكیان سه‌خته‌.

پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئومێد خۆشناو بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخ و تەندروستی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان سەردانی پێشمەرگەکانی کرد و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی ڕێڕەوی چارەسەرییە پزیشکیەکان کرد و كارگێڕى نه‌خۆشخانه‌ و پزیشكانى ڕاسپارد چی پێویسته‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنییان بكرێ.

ئومێد خۆشناو، لە سەردانەکەیدا هیوای سەلامەتی و زووچاکبوونەوەی بۆخواستن و ئامادەیی هەر هاوکاری و ئاسانکارییەکی بۆ چارەسەرکردنیان نیشاندا.

پارێزگارى هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ تاوانبار و ئه‌نجامده‌رانى ئه‌وكاره‌ ڕایگه‌یاند: "ئه‌و تاوانبارانه‌ى ئه‌و تاوانه‌یان به‌رامبه‌ر به‌و پێشمه‌رگانه‌ى هێزه‌كانى زێره‌ڤانى ئه‌نجامداوه‌ له‌زوترین كاتدا ده‌ستگیرده‌كرێن و به‌سزایى یاسایى خۆیان ده‌گه‌ن، ئه‌وه‌ى كه‌ ئه‌نجامیانداوه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مایه‌ى قه‌بوڵكردن نییه‌ و به‌بڕیارى و فه‌رمانى جه‌نابى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ڕێگه‌ به‌هیچ كه‌س و لایه‌نێك نادرێت زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكى گشتیى و حكوومى بكات، ئه‌وه‌ى كراوه‌ تاوانێكى گه‌وره‌یه‌ و ده‌بێت بكه‌رانى به‌سزایى یاسایى خۆیان بگه‌ن، ده‌ست درێژىكردنه‌ سه‌ر هێزه‌ئه‌منییه‌كان ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر حكوومه‌ته‌، ئه‌وه‌ش مایه‌ى قه‌بوڵكردنییه‌."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.