ئهمڕۆ پێنجشهم ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان (پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025)ی پەسەند کرد کە لەلایەن نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم ئامادەکراوە.
لەمبارەوە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم رایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ئیتیحادی (پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025)ی پەسەند کرد کە لەلایەن لیژنەی نیشتمانی بۆ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ئامادە کرابوو، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی 6/5/2021 دەسپێکردنی پلانەکە راگەیەنرا.
ههروهها ڕایگهیاند: ئێمە لە حکوومەتی هەرێم لە هەنگاوەکانی سەرەتایی دانانی پلانی نیشتیمانی تاکو پەسەندکردنی بەشێک بووین لە داڕشتنی ناوەڕۆکی هەنگاوەکان بە هەمان شێوەش پلانی هەرێمی کوردستانمان بۆ مافەکانی مرۆڤ هاوشێوەی پلانی نیشتیمانی ئامادە کرد بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی حکوومەتی هەرێم و ئەو ڕاسپاردانەی لەمیانەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان (UPR) ئاراستەی هەرێم کرا.
دیندار زێباری دەربارەی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پلانەکە گوتی: پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە بەشداری و راوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی)، گشت وەزارەت، فەرمانگە، دەستە، کۆمەڵگای مەدەنی، رێکخراوە ناحکومییەکان، سەندیکا پەیوەندارەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ وەک لایەنی چاودێر لە جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کراوە، پلانەکە لە (27) بەش پێک دێت و گشت بوارەکان لەخۆ دەگرێت.
لەهەمان کاتدا دەبێتە نەخشەڕێگای بەهێزکردنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە چوار ساڵی داهاتوودا بەتایبەتی یاسا و سیاسەتەکانی تایبەت بە حوکمڕانی باش و شەفافییەت کە بەشێکی گرینگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم زیاتر گوتی: ئامانجی پلانەکە گونجاندنی یاسا و بڕیاره بەرکارەکانی حکوومەتی هەرێمە لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و پتەوکردنی ئەو دەستکەوتانەیە کە تا ئێستا لە بواری حوکمڕانیدا بەدیهاتوون و بونیاتنراون، هەروەها پتەوکردنی توانای دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمە لەم بوارە، ئەمەش بە هەماهەنگی نێوان هەموو لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێم بەدی دەهێنرێت.
زێباری تیشکی خستە سەر تەحەدییەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە و گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین تەحەدی ئابووری، سیاسی و ئەمنی بۆتەوە، بەڵام پابەند بووە بە جێبەجێکردنی ئیلتیزامانی خۆی و دەستکەوتی زۆر بەدەستهاتوون بە تایبەتی لە دەرکردنی یاسا و رێنماییەکان لەوانە: پاراستنی مافی پێکهاتەکان، پشووە ڕەسمییەکانی پێکهاتەکان، نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی، پاراستنی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت، کاری رۆژنامەوانی، رێکخستنی خۆپیشاندان، زمانەکان، دەستەی نەزاهە، پێکهێنانی کۆمەڵەکان و چەندین یاسای تر.
سەبارەت بە ستراتیژییەتی پلانەکە ههروها گوتی: پلانەکە پشت بە کۆمەڵێک ئیجرائات و کاری پێشینە لە جێبەجێکردن دەبەستێت لە ماوەیەکی دوور مەودا لەوانە: پێداچوونەوەی یاساکان و پێشنیارکردنی هەموارکردنەوەیان لە کاتی پێویست، فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، دانانی بەرنامەی مەشق و ڕاهێنان بۆ دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی یەکسانی تەواو بۆ تاکەکان لە دابینکردنی دەرفەتەکان و پیادەکردنی گشت مافەکانیان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکات بۆ زامنکردنی پاراستن و پتەوکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ئازادییانەی لە دەستوور و یاسا بەرکارەکان و جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ و هەردوو بەڵێننامەی نێودەوڵەتی و پرۆتۆکۆلەکان و بەڵگەنامەکانی تری پەیوەندار بە مافەکانی مرۆڤ ئاماژەیان پێکراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.