Erbil 31°C دووشەممە 30 ئەیلوول 10:27

ئەنجوومەنی وەزیران پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤی پەسەند کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی ئەیلوولی 2021 بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجام دا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئارام و مەدەنیانە و دوور لە ناوزڕاندن و یەکتر شکاندن بەڕێوەبچێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوەیە نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا داکۆکی لە بەرژەوەندییە گشتییەکان و ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و پێویستە ململانێ و کێبەرکێی نێوان حزب و لایەنە کوردستانییەکانیش بە ئاراستەی بەرگریکردن بێت لە پرسە نیشتمانییەکان و مافەکانی گەلی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە گرنگی ڕۆڵی بێ لایەنانەی دامودەزگا ئیداری و ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردەوە لە سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بە گوێرەی یاسا بەرکارەکان بە شێوەیەک پێویستە ئامانجی سەرەکی هەموو حزب و لایەنە کوردستانییەکان ئەوە بێت، لە بەغدا بەیەکەوە داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک بکەن .

پاشان لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و وەزیرە پەیوەندیدارەکان هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو کە تایبەت بوون بە قەدەغەکردنی سیمکارتی بێ بەرایی و ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە کوالیتی ئاردی هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە ڕووی خۆراکی و تەندروستییەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە زوو جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بڕیاردان لە سەر ڕەشنووسی ( پلانی نیشتمانیی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 ) کە لە کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەن خرایەڕوو لە کۆبوونەوەکەدا بە کۆی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاگادارکردنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ئاراستەی برەودان بە مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ڕەشنووسی (پەیڕەوی سندووقی پاڵپشتیی گەشەپێدان ڕێگاوبان لە هەرێمی کوردستان)ی خستەڕوو .
ئەم ڕەشنووسە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە هەماهەنگیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە .

ئەنجوومەنی وەزیران سەرەڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی برەودان بە بواری ڕێگاوبان، بڕیاری دا وەزارەتە پەیوەندارەکان لە ماوەی مانگێکدا پێداچوونەوەی زیاتر بە ڕەشنووسەکەدا بکەن لە ڕووی قانونی و تەکنیکی و داراییەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەو تێبینی و سەرنجانەی خرانەڕوو تا ئەو پەیڕەوە ئامانجەکانی خۆی بەدیبهێنێ لە پاڵپشتی وەزارەت لە گەشەپێدانی پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و دانانی پێوەر بۆ بەرجەستەکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و ڕێگاوبان لەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە پێی شایستەبوون، ئەویش لەبەر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە گرنگیدان بە بواری ڕێگاوبان لە بڕگە سەرەکیيەکانیەتی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.