Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 11:38

هۆشیار زێباری: پارتی دڵنیایە که‌ سەردەکەوێ 

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەشداری لە کەڕنەڤاڵی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد لە دهۆک، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و دڵنيایی سەرکەوتنی پارتی دا.

لە میانەی کەرنەڤاڵی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی، پارتی خاوەن مێژوویێکی پڕ لە سەروەرییە و حیزبێکی نوێ نییە دوێنێ هاتبێت و ئەمڕۆ بێت بانگەشە بکات، پارتی حیزبێکی پڕ دەستکەوتە، بۆیە پارتی هیچ شتێک نییە شەرمی لێبکات لەوەی پێشکەشی بکات یاخود داوای بکات.

هۆشیار زێباری گوتیشی، پارتی جگە لە بەرنامەیەکی کوردستانی، بەرنامەیەکی فراونتریشمان هەیە بۆ هەموو عێراق، دەشڵێت: پارتی و سەرۆک بارزانی ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە دروستکردنی عێراقی نوێ، هەروەها ئەو دەستوورەی کە ئێستا لە ژێر سێبەریدان و ئەو فیدڕاڵیەتە دووبارە ڕۆڵی پارتی تێدایە.

زێباری ڕاشیدەگەیەنێت، ئێمە دەزانین چەند دەنگدەرمان هەیە و بەردەوام کاردەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش، هەروەها دەشڵێت: پارتی دەیەوێت ژمارەی کورسییەکانی زیاتر بکات لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و دەشتوانین ،چونکە پارتی سەرکردایەیتیەکی گەورە و یەکگرتووی هەیە، هەروەها خاوەن مێژوویێکی 75 ساڵە لە خزمەتی میللەت، هەموو کاتێک و لە هەموو بارودۆخێکدا خاوەن هەڵوێست و بەرپرسیارییه‌تی بووە.

هۆشیار زێباری ئاشکرای دەکات، پارتی درووشمی "بۆ پاشەڕۆژێکی باشتر، وڵاتێکی ئارام و خۆشگوزەران ، بەربژێری پارتێکی بەهێز هەڵبژێرە." بە مەبەست هەڵبژاردووە، ڕوونیکردەوە، مەبەستی پارتی لەو درووشمە نیشادانی هەموو ئەو سەختی و ناخۆشییانەیە کە لەمەوپێش بینیوویانە، شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی بە نموونە هێنایەوە تا لە ساڵی 1992 هەڵبژاردن کرا و ئومێدیان بۆ هاووڵاتیان دروستکرد و گەیشتن بەمڕۆ، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕیفراندۆممان کرد کە رووداوێکی مێژوویی بوو،سەرەڕای ئەوەی زۆر دژایەتیمان کرا، زەوی و ئاسمانیان لێ داخستین، بەڵام ئێمە خۆڕاگربووین دووبارە 2018 لە هەڵبژاردنی عێراق سەرکەوتنێکی مەزنمان بەدەست هێنا و پارتی بووە حیزبی ژمارە یەک.

هۆشیار زێباری لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، پارتی دەیەوێت هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەم هەڵبژاردنەدا چاودێری نێودەوڵەتی دێنە عێراق، لە هەموو شوێنەکانی عێراق چاودێریان دەبێت، هەفتانە راپۆرتی خۆیان دەدەن بە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەگەری بوونی هەر گومانێک لە هەڵبژاردنەکان لەوانەیە هەڵیبوەشێننەوە، ئێمە وێنای ئەوە دەکەین، له هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق ساختەکاری کەم ببێ.

ئاماژە بەوەش دەکات، دهۆک مەڵبەندێکی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، خزمەتی زۆر کراوە بە دهۆک، بەراورد بە پێشوو جیاوازی زۆرە، دەشڵێت، هەمووتان دەنگ بدەن، پێتان وانەبێ دەنگەکانتان گرنگی نییە، لەوانەیە یەک دەنگ گۆڕانکاری گەورە دروست بکات.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا هۆشیار زێباری ڕایگەیاند، پارتی دڵنیایە سەردەکەوێ، سەری پارتی و سەرۆک بارزانی بەرزتر دەکات، بۆیە هەموومان بە یەکەوە دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دەدەین.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.