Erbil 15°C شەممە 29 حوزەیران 11:50

مستەفا کازمی: گەندەڵی نەخۆشییەکی مەترسیدارە

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایده‌گەێنێت، لیژنەی بنبڕکردنی گەندەڵی، ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی ئاشکراکردووە کە لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا، ئاشکرانەکرابوون.

مستەفا کازمی،سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بۆ گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان لە بەغدا رایگەیاند، گەندەڵی و بەقاچاغبردنی پارە، نەخۆشییەکی مەترسیدارە کە تووشی ھەر کۆمەڵگایەک دەبێت و ھەر دەوڵەتێک ئەگەر بەجیددی مامەڵە لەگەڵ ئەو نەخۆشییەکەدا نەکات، ئەوا ناتواندرێت گەندەڵی بنبڕ بکرێت و گوتی:"دان بەوەدا دەنێنن کە ئەو نەخۆشییە بۆ ساڵانێکی زۆرە تووشی وڵاتەکەمان بووە و بە ملیارەھا دۆلار لە سەردەمی رژێمی دیکتاتۆری پێشوو بەقاچاغ براونەتە دەرەوە، بەداخەوە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، رەوشەکە باش نەبوو و گەندەڵیش زۆر بوو".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتیشی: "ژمارەیەک کەس خراپی رەوشی ئەمنی و بۆشایی یاساییان بە ئامانجی دزینی سامانی گشتییان بۆ دەرەوە قۆستەوە کە ئەوەیش بووە مایەی ئازاردانی ویژدانی ھەر ھاووڵاتییەکی عێراقی".

مستەفا کازمی باسی لەوەش کرد کە بەستنی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بۆ گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان، ئەوە دووپات دەکاتەوە کە بنبڕکردنی گەندەڵی و گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان لە دەرەوە، کاری لەپێشنەی حکوومەتی عێراقە و گوتی: "گەندەڵی و تیرۆر، ھاوشێوەی یەکترن، چونکە گەندەڵی و پەکخستنی تواناکانی دەوڵەت، تیرۆرێکی روونە، ھەر گەندەڵی بوو رێگای کەخۆش کرد، تیرۆریستانی داعش ژمارەیەک شار و شارۆچکەی عێراق داگیر بکەن".

جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتی ئێستا ھەر لە سەرەتای دەستکاربوونی، ئامانجی سەرەکیی خۆی داناوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەکی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێکھێنراوە کە ئەرکەکەی لەگەڵ دەستەی دەستپاکی، وەزارەتی داد و دەستەی چاودێری دارایی جێبەجێ دەکات و گوتی:"لیژنەی بنبڕکردنی گەندەڵی، ژمارەیەک دۆسیەی گەندەڵی ئاشکراکردووە کە لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردوودا، ئاشکرانەکرابوون".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، ھەروەھا داواشی لە وڵاتان کرد کە یارمەتی عێراق بدەن لە گێرانەوەی پارە بەتاڵانبراوەکان و گوتی: "بە ھەوڵ و یارمەتیی وڵاتان، دەتوانرێت پارە بەتاڵانبراوەکان بگەڕێنینەوە و پێکەوە رووبەڕووی گەندەڵیی دەبینەوە".

ئەمڕۆ چوارشەممە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی لە بەغدا پایتەختی عێراق بە ئامانجی گێرانەوەی ئەو پارانەی کە بە بەتاڵان براونەتە دەرەوە، دەستی پێ کرد کە لە میانیدا ھەوڵدەدرێت رێگا چارەیەکی گونجاو بە ئامانجی گێرانەوەی ئەو پارانەی کە بە بەتاڵان براونەتە دەرەوە، بدۆرزێتەوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.