Erbil 2°C چوارشەممە 08 کانوونی دووەم 07:20

په‌یامێک له‌ سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 10/9/2021 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكی له‌ باره‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ڕایگه‌یاند: داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م بانگه‌شه‌یه‌كى مه‌ده‌نیانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بده‌ن. نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتییان و له‌ هه‌موو پشێوى و یه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر حیساب و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تیی كاندید‌، به‌تایبه‌تی كاندیدى ئافره‌ت نه‌بێت..

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه‌: هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌ بیر بێت كه‌ دوای هه‌ڵبژاردن هه‌موومان ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ پته‌وكردنى دیموكراسى، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق به‌گشتی و به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تی. له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ده‌بێ كارێكى وا نه‌كرێت هه‌ماهه‌نگی و هاریكارى و پێكه‌وه‌یى و كاری هاوبه‌شى داهاتوو له‌ به‌غدا سه‌ختتر بكات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

كوردستانییانى خۆشه‌ویست،

هاووڵاتیانى ئازیز له‌ هه‌رێمى كوردستان و عیراق

له‌ كاتێكدا بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانى (10)ى ئۆكتۆبه‌رى داهاتوو له‌ عیراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م بانگه‌شه‌یه‌كى مه‌ده‌نیانه‌ى ئارام له‌ ئاستێكى به‌رزدا ئه‌نجام بده‌ن. نه‌بێته‌ هۆى بێزاركردنى هاووڵاتییان و له‌ هه‌موو پشێوى و یه‌كترشكاندن و ناوزڕاندنێك دوور بێت. به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر حیساب و له‌كه‌داركردنی كه‌سایه‌تیی كاندید‌، به‌تایبه‌تی كاندیدى ئافره‌ت نه‌بێت.

هه‌موو لایه‌ن و داموده‌زگا ئیداری و ئه‌منییه‌كان و میدیا و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هاوكار بن بۆ سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ چوارچێوه‌ى یاسادا. به‌ ته‌واوى ئازاد بێت و ده‌رفه‌تی یه‌كسان و وه‌ك یه‌ك بۆ هه‌موو لایه‌ن و كاندیده‌كان فه‌راهه‌م بێت.

هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێ ئه‌وه‌یان له‌ بیر بێت كه‌ دوای هه‌ڵبژاردن هه‌موومان ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ له‌ به‌غدا پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین بۆ پته‌وكردنى دیموكراسى، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی عێراق به‌گشتی و به‌ده‌ستهێنان و پاراستنی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌تی. له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردندا ده‌بێ كارێكى وا نه‌كرێت هه‌ماهه‌نگی و هاریكارى و پێكه‌وه‌یى و كاری هاوبه‌شى داهاتوو له‌ به‌غدا سه‌ختتر بكات.

ده‌نگدان ماف و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌، ده‌بێ په‌یامى هه‌موومان ئه‌وه‌ بێت كه‌ هاووڵاتییان ئه‌و مافه‌یان به‌ كار بهێنن، ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى هه‌ڵبگرن و به‌ به‌شداریى كارایان له ده‌نگداندا، هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌ گۆڕانگارى و هه‌وڵه‌كانى بنیاتنانى داهاتوویه‌كى باشتردا به‌شدار بن. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ عیراقییه‌كان گرنگه‌، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش به‌ بایه‌خه‌وه‌ لێى ده‌ڕوانێت، بۆیه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتیى ئه‌ورووپا تیمه‌كانیان ده‌نێرن و له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێرى ده‌كه‌ن.

هیواى بانگه‌شه‌یه‌كى‌ سه‌ركه‌وتوو بۆ هه‌موو لایه‌ك و هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد ده‌خوازم كه‌ جێى متمانه‌ى هه‌مووان بێت.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/9/10

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.