جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان له كۆبوونهوهیهكدا ئهمڕۆ چوارشهم لهگهڵ بهرپرسێكی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ڕایگهیاند، کاری لە پێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت.
هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە (دێو تیەنتەواچ) سەرۆکی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارهكهدا گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و کارەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا.
هەورامی ڕێکارە پەیڕەوییەکانی پەرلەمانی بۆ دەرچوواندنی یاسا و چاودێری و بەدواداچوون بۆ کارەکانی حکوومەت باس کرد، هەروەها ئاماژەی بەو پڕۆژە و پێشنیازە یاسایانە کرد کە ئامادەکراون و حکوومەتی هەرێم ئاڕاستەی پەرلەمانی کوردستانی کردوون و جهختیشی كردهوه كه لەناو پەرلەمانیش چەند پێشنیازە یاسایەک ئامادە کراوە لە سەرجەم سێکتەرە جیاوازەکان و بڕیارە لە داهاتوودا بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان باسی چەندین یاسای گرینگی دیکە کرد کە لەم خولەی پەرلەماندا دەرچوێنراون لەوانەش یاسای چاکسازی و چەندین یاسای دیکە و ڕاشیگەیاند: کاری لە پێشینەی ئەم وەرزەی یاسادانان نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەبێت و بۆ ئهم مهبهستهش هەوڵی جدی هەیە لەم وەرزەی یاساداناندا دەستووری هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە و تێپەڕێنرێت، ئەمهش دەبێتە هەنگاوێکی دیکه بۆ زیاتر چەسپاندنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕێکخستن و جیاکردنەوەی دامەزراوەکان و دەسەڵاتەکانیان.
هێمن هەورامی ڕۆڵ و پشتگرییەکانی ئەمریکاى بۆ چاکسازییەکانی ناو هێزی پێشمەرگە بەرز نرخاند و سوپاسی هاوکاریی بەردەوامی ئەو وڵاتەی کرد لە شەڕی داعش و لە سەرجەم قۆناخە مێژووییەکاندا.
لای خۆشییهوه دێو تیەنتەواچ سەرۆکی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بەو سەردانەی بۆ پەرلەمانی کوردستان، هیوای خواست پەیوەندییەکان بەردەوامییان پێ بدرێت و بەهێزتر بکرێن و ڕایگەیاند: ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.