نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە عەبدولمونعم ئەلعەودات ،سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى و شاندێکى یاوەرى کرد، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستانیان بە پەیوەندیێکی مێژووی ناوبرد، شاندى ئوردنى، بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنیى هاشمییان بۆ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ڕێز و پێزانینیان بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعش دووپات کردەوە و بە بایەخەوە باسیان لە ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عیراق و ناوچەکە بۆ پاراستنى هاوسەنگى و سەقامگیرى کرد، لای خۆشییەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و ئوردن ئاراستە کرد.
دەقی ڕاگەیاندراوی سەرۆکایەتی هەرێم:
سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ سەرۆکى پەرلەمانى ئوردن کۆبووەوە
نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/9/5 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە عەبدولمونعم ئەلعەودات، سەرۆکى پەرلەمانى شانشینى ئوردنیى هاشمى و شاندێکى یاوەرى کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى سەرۆکى هەرێمى کوردسان و جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى کاروبارى پەرلەمان و باڵیۆزى ئوردن لە عیراق ئامادەى بوون، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و شانشینى ئوردنى و چۆنیەتیى بەرەوپێشبردنیان تاوتوێ کران و هەردوولا پەیوەندییەکانیان بە مێژوویى لە قەڵەم دا.
شاندى ئوردنى، بەردەوامیى پشتگیریى شا عەبدوڵڵا و شانشینى ئوردنیى هاشمییان بۆ هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و ڕێز و پێزانینیان بۆ ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە شەڕى دژى تیرۆر و تێکشكاندنى داعش دووپات کردەوە و بە بایەخەوە باسیان لە ڕۆڵ و پێگەى هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى عیراق و ناوچەکە بۆ پاراستنى هاوسەنگى و سەقامگیرى کرد.
لاى خۆیەوە نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ پشتگیریى بەردەوامى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و ئوردن چ لە سەردەمە سەختەکانى ڕابردوو و چ ئێستا لە هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە و خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودان بە هەموو بوارەکانى پەیوەندیى لەگەڵ ئوردن نیشان دا.
دۆخى سیاسى و ئەمنیى عیراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشى، هەڵبژردانەکانى داهاتووى عیراق، مەترسییەکانى تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەى داعش، پەتاى کۆڤیدـ19 و لێکەوتەکانى، دەرفەتى کار و وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان، پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانیان لەگەڵ چەند بابەتێکى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.