بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشین ئاشكرای دەكات لەو مانگەوە مووچەی خانەنشینی پلەتایبەت و پەرلەمانتاران كەم كراوهتهوه .
حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی ههرێمی كوردستان له وهزارهتی دارایی و ئابووری، بە باسنیوز-ی ڕاگەیاندووه كه ئەو بڕگەیەی لە یاسای چاكسازی كە پەیوەندیی بە مووچەی خانەنشینی پلە تایبەتەكانەوە هەیە، لەم مانگەوە چووەتە واری جێبەجێكرنەوە و مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلەتایبەت كەم كرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی ههرێمی كوردستان زیاتر گوتیشی: بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی كە تەنیا خزمەتی چوار ساڵیان هەبووە، مووچەكەیان كرایە ملیۆنێك و 822 هەزار دینار، پێشووتر 6 ملیۆن 560 هەزار دیناریان وەردەگرت، بەشی زۆریان بەم شێوەیە دەبێت، ژمارەیەكیش هەیە لەسەرووی دوو ملیۆن دینار وەردەگرن، چەند پەرلەمانتارێكیش زیاتر لەو بڕە وەردەگرن.
بەپێی قسەكانی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی: بە گشتی زۆربەی پەرلەمانتارە خانەنشینەكان بەراورد بە پێشووتر هەر یەكەیان بڕی 4 ملیۆن و 738 هەزار دیناریان لێ كەم دەبێتەوە.
حازم گۆران گوتیشی: بە گشتی زیاتر لە 300 پەرلەمانتار خانەنشینی وەردەگرن، مووچەی هەمووان بەپێێ یاسا كەم كرایەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی روونی كردەوە، بۆ خانەنشینیی پلە تایبەتەكانی وەكوو وەزیر و بریكاری وەزیر و بەرێوەبەری گشتی و هاوشێوەكانیشیان، چاكسازی لە مووچەكانیاندا كراوە، گوتیشی: ئەگەر وەزیرێك خزمەتی نەبێـت، بەپێی چوار ساڵی خزمەتی وەزیری، خانەنشین دەكرێت، بەڵام بریكاری وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی، لەسەر ئەو بنەمایە خانەنشین دەكرێن كە دەبێ 45 ساڵ تەمەن و 15 ساڵ خزمەتیان هەبێت، ئەوكات نابێـت مووچەی خانەنشینی لە 60%ی كۆی مووچە و دەرماڵەی تێپەڕ بكات.
بەپێی یاسای چاكسازی، وەزیری خانەنشینكراو 50%ی كۆی مووچە و دەرماڵەكانیان پێ دەدرێت، پێشتر 80% بووە.
حازم گۆران جەختیشی كردەوە، ئەوانەی راسپێردراون بە خزمەتی گشتی لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان و وەزیر و ئەندامی پەرلەمان و سەرۆكی و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەكەی، لەگەڵ سەرۆكی هەرێم و جێگرەكانی، نابێ خانەنشینیان لە 50%ی مووچە تێپەڕ بكات.
بەرپرسەكەی خانەنشین دووپاتی كردەوە، هەر كەس بە پلەی بەرزتر لە پلەی خۆی خانەشین كرابێت، پلەكەی لێ وەردەگیرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.