Erbil 25°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 22:19

حکوومەتی عێراق پێکھێنانی ھێزێکی خۆجێی بۆ پاراستنی قەزای شنگال راگەیاند

ھێزەکە دوو ھەزار و 500 کەسن کە سەرجەمیان نیشتەجێی شنگالن
کوردستان TV
100%

حکوومەتی عێراق رایگەیاند کە ھێزێک لە دانیشتوانی شنگال  پێکھێنراوە کە دۆسیەی ئەمنی سەنتەری قەزاکە بەڕێوەدەبات.

لەمبارەیەوە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی لە لێدوانێکدا بە کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییەی راگەیاندووە کە ھێزەکە، دوو ھەزار و 500 کەسە کە سەرجەمیان نیشتەجێی شنگالن و ئەرکی وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی سەنتەری قەزاکە دەبێت.

قاسم ئەعرەجی وردەکاری زیاتری لەبارەی ئەو ھێزە نوێیەی کە پێکھێنراوە نەخستووەتەڕوو، بەڵام وەزارەتی بەرگریی عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو رایگەیاندبوو کە ھێزێک لە دانیشتوانی قەزای شنگال پێکدەھێندرێت کە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی سەنتەری قەزاکە دەبێت و ھێزەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵییش پاراستنی ئاسایشی دەرەوەی قەزای شنگال دەگرنە ئەستۆ.

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، قاسم ئەعرەجی لەبارەی رێککەوتنەکەی شنگال لەنێوان حکوومەتی فیدراڵیی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو رێککەوتنە، رێککەوتنێکی دادپەروەرانەیە و گوتی: "ناتوانیین رێککەوتنێک بکەین کە جێگای رەزامەندی ھەمووان بێت".

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.

لە ماوەکانی رابردوودا قایمقامی قەزای شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاندبوو کە ھێشتا چەکدارانی پەکەکە لە قەزای شنگال-دان کە ئەوەیش پێچەوانەی بەندەکانی نێو رێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و ھەولێرەوە سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی رەوشی قەزای شنگال.

جێگای ئاماژه‌پێدانه‌ تا ئێستا ھێزە ھاوبەشەکانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵیی، دۆسیەی ئەمنی شنگال بەڕێوەدەبەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.