Erbil 20°C چوارشەممە 25 ئەیلوول 00:29

سلێمانی .. باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل دەستگیرکران

کوردستان TV
100%


لە شاری سلێمانی باندێکی دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان ئاشکرا دەکرێن و یەکێک لە ئەندامانی باندەکە دەستگیر دەکرێت و ئۆتۆمبێلێکی دزراویش دەگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکەی.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان توانیان ئۆتۆمبیلی دزراوی هاووڵاتییەک بدۆزنەوە و تۆمەتبارێکیش دەستگیر بکەن، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری کریزلەر و پێشتر لە شاری بەغدا دزراوە و تۆمەتبار بەمەبەستی ساغکردنەوەی هێناویەتە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە درێژەی کارو چالاکییەکانیدا، بەمەبەستی پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتییان، باندێکى دزینى ئۆتۆمبیل ئاشکرا دەکات کە لە پێشانگاکانى فرۆشتنى ئۆتۆمبیل لە شارى بەغدا و هەرێم کاریان کردووە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا باس لە چۆنیەتی ئەنجامدانی دزییەکان دەکرێت لەلایەن ئەو باندەوە و هاتووە: دوای فرۆشتنى ئۆتۆمبێلەکان چاودێرىی کڕیار دەکەن و دواى چەند رۆژێک لە فرۆشتنى بەکۆپى سویچى ئۆتۆمبیلەکە کەلاى تاوانبارەکان خۆیانبووە، ئۆتۆمبیلەکەیان دزیوە و هێناویانە لە هەرێم بیفرۆشنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ''دوای ئەوەی لە رۆژی27ی حوزەیرانی 2021 لەناو شاری بەغدا ئۆتۆمبێلی جۆری کریزلەر لە هاووڵاتییەکی دانیشتوی شاری خانەقین دەدزرێت، بەپێی زانیارییەکان ئۆتۆمبێلە دزراوەکە بەرەو هەرێمی کوردستان هێنراوە، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، لەسەر رێنمایى و فەرمانى سەرۆکى دەزگاى ئاسایشى هەرێم و بەفەرمانی دادوەر، توانیان لە رۆژی٣٠ی حوزەیراندا تۆمەتبارێکی باندەکە بەناوی (هـ، ق، ر) لەسەر ئەوتاوانە دەستگیربکەن و دوای لێکۆڵینەوە دانی بەتاوانەکەدا ناوە، تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە، ئۆتومبێلە دزراوەکە رادەستى خاوەنەکەی کرایەوە، پاش پێدانى زانیارییەکە بەدەزگا ئەمنییەکانى بەغدا تەواوى باندەکە دەستگیرکراون لە شارى بەغدا.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.