Erbil 5°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 09:51

تۆمه‌تبارێک له‌ سلێمانی‌ ده‌ستگیرکرا که‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌ و ڤیدیۆی‌ تایبه‌تی‌ له‌ ئافره‌تێک کردبوو

کوردستان TV
100%

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌ ڕاگه‌ێندراوێكدا ڕایگه‌یاند: مه‌فره‌زه‌كانی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ - بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ هه‌واری‌ شارو نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕۆژئاوا تۆمه‌تبارێكیان ده‌ستگیركرد كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌و ڤیدیۆی‌ تایبه‌تی‌ له‌ئافره‌تێك كردبوو.

ڕاشیگه‌یاند: پاش ئه‌وه‌ی‌ ئافره‌تێك له‌بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ هه‌واری‌ شار سكاڵای‌ یاسایی له‌سه‌ر تۆمه‌تبارێك تۆماركرد به‌ناوی‌ (م، ح،ع له‌دایكبووی‌ 1996) كه‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ناسیویه‌تی‌‌و دواتر تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ وێنه‌و ڤیدیۆی‌ تایبه‌تییه‌كانیدا بڕی‌ 3000 دۆلار (30 وه‌ره‌قه‌)ی‌ له‌سكاڵاكار وه‌رگرتووه‌و پاش ماوه‌یه‌ك تۆمه‌تبار داوای‌ بڕێكی‌ دیكه‌ی‌ پاره‌ی‌ له‌ئافره‌ته‌كه‌ كردووه‌، بۆیه‌ ئافره‌ته‌كه‌ ناچار ده‌بێت سكاڵا له‌سه‌ر تۆمه‌تباری‌ ناوبراو تۆمار ده‌كات.

هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاندووه‌: پاش كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر تۆمه‌تبارو سه‌یركردنه‌وه‌ی‌ كامێراكانی‌ چاودێریی‌و وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ به‌ڕێز دادوه‌ر، توانرا تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنكه‌ی‌ پۆلیسی‌ هه‌واری‌ شارو نوسینگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوانی‌ ڕۆژئاواوه‌ ده‌ستگیربكرێت‌و ده‌ستیشبگیرێت به‌سه‌ر موبایله‌كه‌یدا.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ تۆمه‌تبار له‌به‌رده‌م دادوه‌ری‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا دانی‌ به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌و له‌ئێستادا به‌پێی‌ مادده‌ی‌2 له‌یاسای‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ئامێره‌كانی‌ په‌یوه‌ندیكردن ڕاگیراوه‌و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌گه‌ڵیدا به‌رده‌وامن.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ - ڕاگه‌یاندن‌و په‌یوه‌ندییه‌كان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.