Erbil 14°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 12:11

وه‌زیری شاره‌وانی: لەمڕۆوە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە گەڕەکی 8ی حەسارۆک دەستپێدەکات

کوردستان TV
100%


 له‌ راگه‌یاندراوێكدا، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شت و گوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: ئەمڕۆ دووشەممە 23/8/2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی زەوییەكانی 8ی حەسارۆكیان كرد و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا دەستپێكردنی پرۆسەی كاركردن و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە كەرتی 8ی حەسارۆك ڕاگەیاند و گوتی: ئەو هاووڵاتییانەی داخوازی دروستكردنی خانوویان لە گەڕەكی 8ی حەسارۆك هەیە، لەمڕۆوە مۆڵەتەكانیان وەردەگیرێ و دەتوانن ئیشوكارەكانیان بكەن.

وه‌زاره‌ت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات: سەبارەت بەو بڕە پارەیەی بۆ ئەم قۆناغەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ 8ی حەسارۆك تەرخانكراوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی، ڕایگەیاند: بۆ ئەم قۆناغەی كاركردن، نزیكەی 600 ملیۆن دینار تەرخان كراوە و هەروەها لە ئایندەیەكی نزیكیشدا 300 ملیۆن دیناری دیكە بۆ جێبەجێكردنی شەقامی نێوان 5ی حەسارۆك و 8ی حەسارۆك لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر تەرخان دەكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: دەمەوێت ئەوە ڕوون بكەمەوە كە دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتینە ئێرە (8ی حەسارۆك) و جەنانی سەرۆكی حكوومەتی فەرمانی كرد كە مۆڵەتی بینا بكرێتەوە و كاری پێویست ئەنجام بدرێت، لە ماوەی دوو مانگدا كە فەرمانگەیەكی تایبەت بەو كەرتەمان داناوە بۆ وەرگرتنی مامەڵە و داواكارییەكانی هاووڵاتییان، بەڵام لە كۆی 20 هەزار پارچە زەوی كە نزیكەی 14 هەزاریان زەوی نیشتەجێبوونن، تاوەكو ئێستا تەنیا 176 داواكاری پێدانی مۆڵەت لەلایەن هاووڵاتییانەوە دراوەتە فەرمانگەی 8ی حەسارۆك، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەسەر داخوازی و داواكاری جەنابی سەرۆكی حكوومەت بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو گەڕەكە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و فەرمانگە پەیوەندارەكان دەستدەكەن بە جێبەجێكردنی ئەو كارە، واتە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە كەرتی 8ی حەسارۆك.
سەبارەت بە قۆناغەكانی دیكەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوەدانكردنەوەی گەڕەكی 8ی حەسارۆك، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر ئەوە كردەوە لە هەر قۆناغێكدا كە پێویست بكات حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی پێویست بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری باشتر و خێراتر دابین دەكات و ئەو بڕە پارەیەی ئێستاش بڕە پارەیەكی زۆر باشە و كارە سەرەتاییەكانی پێ ئەنجام دەدرێت و هیودارین هاووڵاتییانی خۆشەویست ئەوانەی حەز دەكەن خانوو دروست بكەن، دەست بە كارەنیان بكەن.
پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا گوتی: وێڕای پشتیوانیكردن لە قسەكانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوار، ئێمەش وەكو پارێزگاری هەولێر تەئكید دەكەینەوە كە لەژێر ڕێنمایی و چاودێری خودی سەرۆكی حكوومەت كە ماوەیەك لەمەوبەر مەیدانییەن خۆی هاتە ئێرە و ئێمەی وەكو پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی ڕاسپار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری دەست بە ئامادەكارییەكان بكرێت، پارێزگاری هەولێر گوتیشی: ئێستا هاووڵاتییان دەتوانن دەست بە مامەڵەكانیان بكەن بۆ ئەوەی ڕێگەپێدانیان پێ بدرێت و دەست بكەن بە دروستكردنی خانووەكانیان، ئەمڕۆكە لێرەوە دەستدەكرێت بە گەیاندنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و جارێكی دیكە تەئكید دەكەینەوە تەواوی زەوییەكانی دیكەی هاوشێوەی 8ی حەسارۆكی بابەتی ئێمەن، وەك پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی خزمەتگوزارییان پێ دەگەیەنین.

شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.