Erbil 18°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 16:07

هێڵکاری دڵ چییه‌ ؟

کوردستان TV
100%


 هێڵكاری دڵ بریتیه‌ له‌ پشكنینێكی ته‌شخیسی كه‌ سودی لێوه‌رده‌گیرێت بۆ پێوانه‌ و چاودێری كاره‌بایی دڵ و كاری ماسولكه‌كانی و رێژه‌و خێرایی لێدانه‌كانی.
ئه‌نجامدانی هێڵكاری دڵ كارێكی ئاسانه‌ به‌ڵام پێویستی به‌ كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون و پسپۆر له‌وبواره‌دا هه‌یه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی و دیاری كردنی كێشه‌كانی دڵ كه‌ له‌كاتی ئه‌نجامدانی هێڵكاریه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌ون. 
سووده‌كانی هێڵكاری دڵ :
* بۆ پشكنینی لێدانه‌كانی دڵ خێرایی یان خاوبوونه‌وه‌.
* به‌هۆیه‌وه‌ ده‌زانرێت كه‌ بڕی ئه‌و خوێنه‌ی كه‌ دڵ پاڵی پێوه‌ ئه‌نێت بۆله‌ش كه‌مه‌ یان له‌ ئاستی پێویستدایه‌.
* دیاریكردنی كێشه‌كانی ماسولكه‌كانی دڵ وه‌ك سست بوون یان هه‌ڵاوسان و گه‌وره‌بوونی دڵ.
* ده‌ستنیشان كردنی هه‌ر كێشه‌یه‌كی كاره‌بایی دڵ.
* یارمه‌تیده‌ره‌ له‌گه‌ڵ پشكنینی تردا بۆ دیاریكردنی گیرانی ده‌ماره‌كانی دڵ و كێشه‌ی زمانه‌كانی.
* یارمه‌تی دیاریكردنی نه‌خۆشیه‌ زگماكه‌كانی دڵ ده‌دات
* پشكنینی هه‌وكردنی دڵ.
* به‌هۆیه‌وه‌ هۆكاری ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی وه‌ك  ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و سنگ ئێشه‌ و گێژبوون دیاری ده‌كرێت.
* بۆ زانینی كاریگه‌ری ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ی كه‌ ده‌درێت به‌ نه‌خۆشه‌كان.
به‌شێوه‌یه‌كی ڕۆتینی هێڵكاری دڵ پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌م نه‌خۆشانه‌:
* ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ پێشینه‌ی نه‌خۆشی دڵیان هه‌یه‌.
* ئه‌و كه‌سانه‌ی فاكته‌ری مه‌ترسیان هه‌یه‌ وه‌ك قه‌ڵه‌وی و هۆكاری بۆماوه‌یی.
* ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌بۆ نه‌شته‌رگه‌ری ئاماده‌ ده‌كرێن.
* ئه‌وكه‌سانه‌ی كه‌ پاتری دڵیان بۆ دانراوه‌.
* ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشییه‌كانی دڵ به‌كارده‌هێنن.
ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه‌ به‌هۆی هێڵكاری دڵه‌وه‌ ده‌كرێ ده‌ستنیشان بكرێن:
له‌گه‌ڵ چه‌ند پشكنینی تردا، هێڵكاری دڵ یارمه‌تیده‌ره‌ بۆ ده‌ستنیشان كردنی ئه‌م نه‌خۆشیانه‌:
١_نه‌خۆشیه‌كانی خوێنبه‌ره‌كانی دڵ
٢_نه‌خۆشیه‌كانی ماسولكه‌كانی دڵ
٣_نه‌خۆشی تێكچوونی لێدانه‌كانی دڵ
 ٤_ جه‌ڵته‌ی دڵ.
د. جیڤارا حه‌مه‌ره‌شید نادر -پسپۆڕی نه‌شته‌رگه‌ری دڵ و بۆرییه‌كانی خوێن و نه‌خۆشییه‌كانی ده‌والی
 

كوردستان TV

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.