Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 01:41

قادر قاچاخ: پارتی هەر درووشمێک هەڵبگرێت به‌دەستی دێنێت

کوردستان TV
100%


 لە درێژەی وێبینارەکانی لقی 6ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان و، بە بۆنەی 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی و لە دایکبوونی پێشەوای سەردەم و ڕابەڕ، سەرۆك مەسعوود بارزانی، قادر قاچاخ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیمان بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی، (پارتی دیموکراتی کوردستان، قوتابخانەی کوردایەتی و مێژوویەك لە خۆنەچاماندن)، پێشکەش بە ژمارەیەکی بەرچاوی کادیر و ئەندامانی پارتیمان لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کرد.

قادر قاچاخ ئاماژەی بەوەدا، کە بیرەوەری 75 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، یەکتری تەواو دەکەن، چونکە ئەوە بیرەوەری قەزییەی نەتەوەیەك و دۆزی رەوای گەلی کوردستان و چارەنووسی دواڕۆژی کوردستانه‌. گوتیشی: هەر کاتێك پارتی سەرکەوتبێت، میللەتی کورد هەستی بە سەرکەوتن کردووە، وە هەر کاتێکیش پارتی تووشی نسکۆ بووبێت، میللەتی کورد تووشی کارەسات بووە.
لەو سۆنگەیەشەوە ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ئازاری ساڵی 1970 و نسکۆی شۆڕشی کوردستان لە ساڵی 1975 دا. هەروەها گوتی: دامەزراندنی پارتی، پێویستییەکی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، بە تایبەتیش لەوکات و ساتەدا، کاتێ گۆڕانکاری گەورە لە دوای شەڕی جیهانی دووەم لە نەخشەی جیهاندا ڕوویدا و، پارتی وەك زەروورەتێک بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان دامەزرا، بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی هەموو تاکێکی کورد لە هەموو شوێنێکی جیهاندا بکات، وە پارتێکە کە شوێنی هەموو تاك و توێژێکی تیادا دەبێتەوە.

قادر قاچاخ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی، هەروەها گوتیشی: پارتیمان چەندین سەرکەوتن و تەجرەبەی قورسی بینیوە و هیچ کاتێك دەستبەرداری مافەکانی گەلەکەی نەبووە لەگەڵ هەر بارودۆخێکدا، بگرە زۆر جار قوربانیشی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی داوە، بۆ ئەوەی دەستکەوتەکان لە دەست نەچن و مافەکان و دەسکەوتەکانی کوردستان بپارێزرێت". ئاماژەشی بەوەدا، کە رژێمی بەعس تەنیا لایەن جیددیانە حیسابی بۆ کردبێت، پارتی بووە، گوتیشی: بەڵگەنامە ئاشکرابووەکانی دەزگا ئەمنییەکانی ئەو ڕژێمەش لە دوای ڕووخانیدا، ئاماژەی ڕاشکاوانە بەوە دەدەن و، تیشك دەخەنە سەر ئەوەی، کە ئەگەر پارتی هەر درووشمێك هەڵبگرێت، لێی پاشگەز نابێتەوە و وەدەستی دێنێت، بۆیەش دەبێت بە هەموو شێوەیەك ڕێگەی پێبگیردرێت.
گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان، تەنیا پارتی کوردستانییە کە توانیوویەتی دەستکەوتی گەورە بۆ کوردستان بەدەست بێنێت، لەوانەش ڕێککەوتننامەی مێژوویی ئازاری ساڵی 1970، کە بۆ یەکەمین جار بوو ڕژێمی بەعس لە عێراق ناچار بوو دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. فیدراڵی پێرێ و ڕیفراندۆمی دوێنێ و دەوڵەتی کوردستانی سبەیش، لەسەر هەمان بنەما و لەسەر دەستی پارتیمان درووست دەبێت. مرۆڤی گەورە بڕیاری گەورە دەدات، بۆیەش سەرۆك مەسعوود بارزانی بڕیاری ڕیفراندۆمی لە کاتی خۆیدا.
قادر قاچاخ هەروەها گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندازیاری ئاشتی کاك ئیدریس بارزانی بوو، کە توانی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەهێڵێت و، لەسەر دەستی ئەو ئاشتەوایی گشتی لە کوردستان ئەنجام بدرێت، کە ئەوەش بووە هاندەرێکی گەورە بۆ سەرکەوتنی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 و، دواتریش دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان". هەروەها گوتی: ئەو ئارامی و پێشکەوتنەی کە لە کوردستاندا هەیە، هەروەها پێگەی هەرێم لە ناوچەکە و هاوکێشەکاندا و، بوونی ئەو هەموو کۆنسوڵخانە و نێردە دیبلۆماسییانە و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان، بە حیکمەتی سیاسی جەنابی سەرۆك بارزانی هاتوونەتە درووست بوون.
 قادر قاچاغ راشیده‌گه‌ێنێت: ئێمە پێویستە شانازی بەوە بکەین ئەندام و کادیری ئەو ڕێبازە پیرۆزەین، کە جەنابی ڕابەر و مەرجەع سەرۆك مەسعوود بارزانی سەرۆکیەتی و، لەسەر دەستی جەنابیان دەستکەوتی مەزن و سەرکەوتنی گەورە بۆ گەلی کوردستان وەدەست هاتوون.  قادر قاچاخ هەروەها جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، کە پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی ئاشتیخوازە و هیچ کاتێك شەڕی هیچ لایەنێكی دیکەی نەکردووە، بەڵکو تەنیا بەرەڤانی لە خاك و وڵات دەکات و، هەوڵ دەدا مافەکانی گەلی کوردستان بە ئاشتییانە و برایانە وەدەست بێنێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.