Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 00:50

موەلیدەی کارەبا لە گەڕەکەکان هەڵدەگیرێن و لە رێگەی پێوەری زیرەک هێڵەکان کۆنترۆڵ دەکرێت

کوردستان TV
100%


پڕۆژەی پێوەری زیرەک، گرنگترین پڕۆژەی وەزارەتی کارەبایە بۆ کۆنترۆڵکردنی کارەبا و زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا، کە بە تەواوکردنی ھاووڵاتییان پێویستیان بە موەلیدەی گەڕەکەکان نامێنێت، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە لە ماوەی بەکارخستنی پێوەری زیرەک لە سەرەتای مانگی چواری ئەمساڵەوە تا ئێستا  بەشێکی زۆریان تووشی کوژانەوە دەبن، وتەبێژی وەزارەتی کارەباش دەڵێت: ئێستا بۆمان دەردەکەوێت کە ھاووڵاتییان چەند کارەبا بە فیڕۆ دەدەن.
وەزارەتی کارەبا نزیکەی ساڵێکە دەستی کردووە بە بەستنی پێوەری زیرەک، تا ئێستاش زیاتر لە 800 ھەزار پێوەر بەستراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو ژمارەیە  نیوەی زیاتری  پێوەرەکان کە بۆ ھاوبەشان بەستراوە  چەندین جار بەھۆی زۆری خواستەوە تووشی داکەوتن بوونە. 
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: بۆمان دەرکەوتووە 55 هەزار هێڵی کارەبا بە زیاتر لە 40 ئەمپێر کاریکردووە، لەگەڵ دانانی پێوەری زیرەک ئەو داکەوتوون، دەرخەری ئەوە کە کارەبا بەشێوەیەکی نا سرووشتی بەکاردەهێنرێت.
ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبا ئاشکرای دەکات، لە رابردوودا  لە 45٪ی کارەبا لە تۆڕەکان دەبوو، بەڵام ئێستا بەھۆی بەستنی پێوەری زیرەکەوە رێژەکە کەم بووەتەوە بۆ 38٪، لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا خواست لەسەرکارەبا زۆرە و رۆژانە کێشەی داکەوتنی پێوەرەکان ھەیە، کە ھاوبەشان زیاتر لە ئەمپێرەکانی کارەبای پێویست بەکاردەھێنن.
ئەندازیار عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای بەستنی پێوەری زیرەک  لە وەزارەتی کارەبا دەڵێ: نزیکەی 50٪ی ئەو هاوبەشانەی پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، پێشتر زیاتر لە 40 ئەمپێر کارەبایان بەکارهێناوە.
لە کۆی ملیۆنێک و 600 ھەزار ھاوبەشی کارەبا، تا ئێستا  800 ھەزار پێوەر بەستراوە، لە کۆی ئەو ژمارەیە 250 ھەزار پێوەر لە ماوەی رابردوو چەندین جار بەھۆی زۆری خواستەوە کوژاونەتەوە.
لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە پێوەری زیرەکی کارەبا خرایە کار بۆ ئەو ھاوبەشانەی کە بۆیان بەسترابوو،  تائێستاش لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان  لە 52٪ بەستراوە، بڕیاریشە بۆ کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

kurdistan 24

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.