دوای 11 ساڵ وەستان، کارکردن لە دوو پڕۆژەی وەبەرھێنانی شاری دھۆک دەستی پێ کردووەتەوە و بەرپرسی نووسینگەی دھۆکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێ، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت دەست بە تەواوکردنی ھەردوو پڕۆژەی ئارام ستی و شا ستی کراوە و ئێمەیش چاودێریی پڕۆژەکان دەکەین.
ژیان تاھر، بەرپرسی نووسینگەی دھۆکی پەرلەمانی کوردستان، رایدهگهێنێت: ھەردوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئارام و شاە لە شاری دھۆک نزیکەی 11 ساڵە کێشەیان تێدایە و ڕاگیرابوون، پڕۆژەکان لە نزیکەی سێ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێک دێن و چەندین جار ھەوڵ دراوە دەست بە تەواوکردنیان بکرێت، بەڵام ھەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون، ئێمە لە نووسینگەی دھۆک دوو ساڵە بەردەوامە و لەسەر خەتین بۆ دەستپێکردنەوەیان و چەندین جار پەرلەمان و حکوومەتمان ئاگادار کردووەتەوە.
بەرپرسەکەی پەرلەمان راشیدهگهێنێت: بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی ھەردوو پڕۆژە وەستاوەکەی دھۆک چارەسەر کراوە و مانگێکە کارکردن بۆ تەواوکردنیان دەستی پێ کردووە و ئێمەیش بەردەوام چاودێری و بەدواداچوونی کارەکانیان دەکەین بۆ ئەوەی ھیچ ئاستەنگێک بۆ وەبەرھێنەر دروست نەبێت و بە یەکجاری ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێن.
ژیان تاھر ئاماژە بۆ ئهوهش دهكات: ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتی سوودمەند دەبن لە ھەردوو پڕۆژەکە و دوای نزیکەی 11 ساڵ دەبنە خاوەن شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، کە بەشێکی زۆری بەشداربووان لە خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتن، ئەوەش ھەوڵێکی باشە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ کۆتاییھێنان بەو کێشەیە.
2 پڕۆژەی وەبەرھێنان لە پارێزگای دھۆک تەواو دەکرێن
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.