بۆ بەڕێز/ خانەوادەی هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (سەلام کۆیی)
بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەندی ناسراوی گەلەکەمان (سەلام قادر حەمەد) ناسراو بە (سەلام کۆیی)مان بیست، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان رادەگەیەنین، شەریکی ئەو کۆستە و خەمتانین.
ئەکتەر و شانۆکار (سەلام کۆیی) لە ساڵی (١٩٥٥) لە شاری هەولێر لە دایک بووە و لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە، ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان بوو، خاوەنی دەیان بەرهەمی بەپێزی دراما و شانۆ و سینەمایە، لەوانە: هەبوو نەبوو، مەموزین، تاپۆ هەقی چییە،..تد.
هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (سەلام کۆیی) یەکێک بوو لەو کەسایەتی و هونەرمەندە خۆشەویست و ناسراوانەی شاری هەولێر و کوردستان لە بواری شانۆ و دراماوە، کە تەمەنێکی دوور و درێژی لە کار و چالاکی هونەری تەرخان کردبوو لەو رێگایەشەوە خزمەتێکی زۆری هونەری رەسەنی کوردی کردووە و بۆیە جیدەستی بەسەر ئەو بوارەدا دیار و بەرچاوە و خاوەن ئەرشیف و گەنجینەیەکی دەوڵەمەندی هونەری تایبەت بەخۆیەتی.
کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە بەهرەمەندە زیانێکی گەورەیە بۆ هونەر و شانۆی کوردیمان، ئومێدەوارین هاوخەمی دۆست و ئازیزان و هاوکار و هونەرمەندان و شانۆکارانی هاوپیشەی هونەرمەندی کۆچکردوو ببێتە مایەی دڵنەوایی و سەبووری ئێوە و کەسوکاری خوالێخۆشبوو و هەموو لایەکمان.
جارێکی دیکە پرسە و سەرەخۆشیمان دووپات دەکەینەوە و لە خودای گەورە داواکارین سەبووری بە هەموو لایەک ببەخشێ و گیانی کۆچکردوویش بەبەهەشتی بەرین شاد ببێت.
دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.