وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە پاڵ بەرزنرخاندنى پشتیوانییەکانى ئەمریکا لەڕوى سیاسى و سەربازى و مرۆیى بۆ گەلى کوردستان، ڕایدەگەیەنێت پشتیوانییە زانستى و ئەکادیمییەکانى حکومەتى ئەمریکا بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵاى کوردستان و پێشخستنى ئاستى زانکۆکان بەگرنگ دەزانین.
ئەم لێدوانەى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوێنێ سێشەممە ڕێکەوتى (2021/8/17) لەمیانى پێشوازیکردنى هات لە ڕۆبەرت پالەدینۆ کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان بە یاوەرى وەفدێکى کونسوڵخانە.
لەدیدارەکەدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت ئامادەیبون، کونسوڵى گشتى ئەمریکا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بەسەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و دەستخۆشى لە وەزیرى خوێندنى باڵا کرد بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکان و پەرەپێدانى ئاڵوگۆڕە زانستییەکان، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى کارو پرۆژەو هەماهەنگیەکانیان لەگەڵ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵاى کوردستان ڕونکردەوە، بەتایبەت بەرنامەى ئاڵوگۆڕى سەرکردەى گەنج کە تایبەتە بە ناردنە دەرەوەى خوێندکاران و بەرنامەى فول برایت و ئاڵوگۆڕى خوێندکارى خوێندنى باڵا و پێشخستن و پەرەپێدانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و پرۆگرامى بەستنەوەى زانکۆکانى هەرێم بە زانکۆکانى ئەمریکاو بەرنامەى ئاڵوگۆڕى کلتورى و فەرهەنگى و پەرەپێدانى زمانى ئینگلیزى.
لەلایەن خۆیەوە د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنان و پیرۆزبایى لە کونسوڵى نوێ، هاوکارى و هەماهەنگى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکاى بۆ گەلى کوردستان بە بایەخ و گرنگ وەسفکرد، بۆ ئەمەش کورتەیەکى لەبارەى پشتگیرى حکومەت و گەلى ئەمریکا باسکردو ڕایگەیاند: سوپاسى پشتیوانیتان دەکەین کە ساڵانێکە قوربانى زۆرتان داوە بۆ پشتیگرى گەلانى ناوچەکەو گەلى کوردستان بەتایبەتى، هاوکارییەکانتان بۆ گەلەکەمان جێگەى و پیزانینە بە ڕێزەوە سەیرى دەکەین، لەبارەى هەماهەنگى سێکتەرى خوێندنى باڵاش وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە: لەنێو هەمو ئەو هاوکارى و پشتیوانییەتان بۆ گەلەکەمان، هاوکارى زانستى گرنگتان پێشکەش بە زانکۆ و دامەزراوەکانمان کردوە، بەتایبەت لە بوارى سەرکردەى ئەکادیمى و پێشخستن و پەرەپێدانى سێنتەرەکانى بەکارخستن لە زاکۆکان و ئاڵوگۆڕى مامۆستاو خوێندکاران و پەرەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى و چەندین بوارى دیکە. بۆیە بۆ بەرەو پێشبردن و پێشخستنى ئاستى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانمان پشتیوانى زیاترى کارەکانمان بن بەردەوامى پێبدەن.
لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا د. ئارام محمد ڕایگەیاند: بەشێوەیەکى گشتى سیستم و فەلسەفەى خوێندن لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ ئێمە جێگەى بایەخ و گرنگیە، کاتێک دەمانەوێت ئامانج و پلانەکانمان بۆ پێشخستنى سێکتەرى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان بچێتە پێشەوە، پێویستمان بەهاوکارى و هەماهەنگى زیاترى دامەزراو و ناوەندە زانستیەکانى ئێوە دەبێت، چاوەڕێى ئەوەین زیاتر هاوکارمان بن بۆ پەرەپێدانى ئەم پەیوەندییانەو پێشخستنى ئاستى زانکۆکانمان و دروستکردنى پەیوەندى ڕاستەوخۆ لە نێوان دامەزراوەکاندا.
لە کۆتایى دیدارەکەدا چەند بابەتێکى پەیوەست بە پلان و بەرنامەى چوار ساڵى کارکردنى وەزارەت و ئەو بوارو بابەتانەى پەیوەستن بە ئاستى زانکۆکان بەگشتى گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.
ئەمریکا هاوکارى کەرتى خوێندنى باڵاى ههرێمی کوردستان دەکات
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.