Erbil 30°C دووشەممە 23 ئەیلوول 10:30

ئه‌مریکا: بەرپرسیارنین لە دیمەنی پشێوی ناو فڕۆکەخانەی کابول

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، جۆن کیربی باسی لەوە کرد لە کاتێکدا بەرپرسیارێتیی ئەو دیمەنی پشێویە لە ئەستۆ ناگرن کە لە فڕۆکەخانەی کابول رووی دا، رایگەیاند کە رێوشوێنی پێویستیان لەبارەی پلانی گواستنەوە گرتووەتەبەر.

جۆن کیربی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە بارەگای پنتاگۆن سازی کرد، هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین رەوشی ئەفغانستان و بەردەوامی پرۆسەی گواستنەوە کرد.

گوتەبێژی پنتاگۆن باسی لەوە کرد ک لە میانی 24 کاتژمری رابردوودا لە هیچ شوێنێکی ئەفغانستاندا، هێرشی ئاسمانیی و هیچ ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ لەناوبردنی چەکەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە ئەنجام نەداوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست تاڵیبان.

جۆن کیربی هەروەها ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان کە کۆنترۆڵی ئەفغانستانیان کردووە کۆبوونەتەوە و گوتی: ''فەرماندەی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا، جەنەراڵ فرانک مەککێنزی، رۆژی یەکشەممە لە دۆحە لەگەڵ سەرکردەکانی تاڵیبان کۆبووەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بە تاڵیبان گوتراوە کە پێویستە دەستوەرنەداتە ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دانی بەوەدانا کە پلانی ئۆپەراسیۆنی گواستنەوە بەشێوەیەکی تەواو بەڕێوەنەچووە و ئەوەی خستەڕوو کە هەوڵیانداوە لە رووی سەربازییەوە پلانەکانیان بەرامبەر هەموو رەوشەکان بەباشترین شێوە بەجێبگەیەنن و رایگەیاند ''بە شەش هەزار سەربازەوە لە گۆڕەپانەکەدا پلانەکان بەباشترین شێوە بەجێدەگەیەنن. ناگونجێت هەموو ئەگەرەکان پێشبینی بکرێت. بەرپرسیار نین لەو دیمەنانەی لە فڕۆکەخانەی کابول روویان دا.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، هەروەها ئەفسەر لە سوپای ئەمریکا بە پلەی لیوا، هانک تەیلۆر باسی لەوە کرد کە دوای روودانی پشێویەکەی دوێنێی فڕۆکەخانەی کابول رێوشوێنی ئەمنیی پێویست گیراوەتەبەر و سەرلەنوێ فڕۆکەخانەکە بە رووی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکاندا کراوەتەوە.

هانک تایلۆر باسی لەوە کرد کە کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول گواستراونەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی حامید کارزای و گوتی: لەئێستادا ئەو کەسانەی ناو فڕۆکەخانەکە لە ئارامیدان. تا ئێستا 700 کەس لەو ئەفغانستانیانەی هاوکاری ئەمریکایان کردووە لەو وڵاتە هێنراونەتە دەرەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.