ئەوە راگەیەندرا کە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) جەنەڕاڵ فرانک مەکینزی، لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، لەسەر بابەتی "دەستێوەرنەدان لە ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی کارمەندانی ئەمریکا" رووبەروو لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان کۆبووەتەوە.
بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکی، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشێتید پرێس (AP)، ھەواڵەکانی دەربارەی کۆبوونەوەی راستەوخۆی فەرماندەی CENTCOM لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان پشتڕاست کردەوە.
بەرپرسە ئەمریکییەکە، ئەوەی ئاشکراکرد کە جەنەڕاڵ فرانک مەکینزی، رۆژی یەکشەممە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، رووبەروو لەگەڵ بەرپرسانی تاڵیبان کۆبووەتەوە و داوای لە تاڵیبان کردووە کە "دەستوەرنەدەن لە ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی کارمەندانی ئەمریکا.
بەرپرسە ئەمریکییەکە، ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی کشانەوە و چۆڵکرد بەبێ رێگەگرتن و دەستێوەردان مەکینزی و تاڵیبان گەیشتوونەتە رێککەوتنی میکانیزمی پێکدانەدان.
بەپێی ھەواڵەکەی ئەسۆشێتید پرێس، بەرپرسە ئەمریکییەکە، ئەوەشی ئاشکراکردووە کە مەکینزی، بە بەرپرسانی تاڵیبانی گوتووە "لە ئەگەری ئەنجامدانی ھەر ھێرشێک ئەوە وەڵامیان دەدەنەوە" و راشیگەیاند کە مەکینزی، باسی لە پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.