Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 08:27

ئومێد خۆشناو: لە کێشەی ئاودا لە هەولێر ئێستا دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە

کوردستان TV
100%

دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان لە شاری هەولێر و دەستپێکردنی هەڵمەتی دابینکردنی ئاو بە تانکەر، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو رایدەگەیەنێت کە دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە و قەیرانەکە چارەسەر بووە.

ئومێد خۆشناو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە وەڵامی دەرئەنجامی هەوڵەکانیان بۆ چارەسەری قەیرانی دابینکردنی ئاو لە هەولێر رایگەیاند "تاوەکو ئەمڕۆ کێشەی 543 بیر لە چاککردن، کارەبا پێگەیاندن، بیری نوێ و غەتاس گۆڕین کێشەکانیان چارەسەر بووە لەڕێگای کارەکانی هەرسێ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر و ئاوی دەورووبەری هەولێر و ئاوی سۆران، پرۆسەکە بەردەوامە و بوودجەی پێویستمان بۆ تەرخانکردووە جگە لەوەی لە چوارچێوەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بوودجەی پێویست بۆ پارێزگای هەولێر دابینکراوە، خودی سەرۆکی حکوومەتیش دەعمـێکی راستەوخۆی ئێمەی کردووە و لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەدا بە خۆشحاڵییەوە ئێستا هێڵی ئاوی ئیفراز یەک و دوو و سێ و پرۆژەی ئاوی قەندیل کەوتوونەتەوە کار، ئەو شوێنانەش کە گرفتیان ماوە لە لێدانی بیر و چاککردنی بیر و کارەبا گەیاندن بە بیرەکان ئەوانەش بەردەوامە و ئێستا ئێمە لە دۆخێکی زۆر کۆنترۆڵداین".

پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئێستا تەنیا چەند گەڕەکێک لە شاری هەولێر گرفتی ماوە، بەڵام وەک چۆن بەڵێنمان بە خەڵکی شاری هەولێردا تاوەکو یەک ماڵ لە هەولێردا کێشەی ئاوی بمێنێت ئێمە تیمەکانمان ناوەستن و تا درەنگانی شەو لەکاردا دەبن، جەختیش دەکەمەوە هەر هاووڵاتییەک گرفتی ئاوی ماڵانی هەیە پەیوەندی بە نزیکترین جێگا بکات بۆئەوەی بۆی چارەسەر بکەین، تا کۆتایی هاتنی کێشەکە ئێمە لە گەیاندنی ئاو بۆ ماڵان بە تانکەر بەردەوام دەبین".

ئومێد خۆشناو دەربارەی چارەسەری بنەڕەتی کێشەی ئاوی هەولێر رایگەیاند "لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت لە گفتوگۆماندا دەربارەی کێشەی ئاو لە هەولێر هەردوولا هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە ئەمەی کردوومانە چارەسەرێکی کاتییە و بۆ دەرباز بوون لە دۆخ و قەیرانێکە، چارەسەری بنەڕەتی کێشەی ئاو لە هەولێر بە دەستپێکردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار دەبێت، هەروەها پرۆژەی ستراتیجیی دروستکردنی چەند بەنداوێک لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەم بۆ سوود گەیاندن بە ئاوی ژێرزەوی هەم بۆ ئاوی سەرزەوی و گەیاندنی بۆ ناو شار، ئەمانە لە پلانی حکوومەتدایە و خودی سەرۆکی حکوومەت بەوردی و راستەوخۆ دەعم و چاودێری دەکات".

پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو دەربارەی قەیرانی گرانی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینیش لە وێستگەکاندا، گوتی: "کێشەی بەنزین بە تەنیا لە هەولێر نییە کێشەی سەرتاسەری هەرێمی کوردستانە، ئێمەش وەک پارێزگارەکان قسە و تێبینیمان هەیە لەسەر ئەو دۆخە، بە بەردەوامی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ئەو بابەتە قسەمان کردووە و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان قسەمان کردووە، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین جگە لەو هۆکارانەی کە لە قودرەتی حکوومەتدا نییە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی جیهانی و نرخی دۆلار، ئەوانی دیکە هەر هۆکارێک هەبێت ئێمە وەک پارێزگای هەولێر لەگەڵ ئەوەداین چ ئاسانکارییەک هەبێت بیکەین بۆئەوەی بە باشترین کوالێتی بە نرخێکی هەرزان بەنزین بە هاووڵاتییان بگات".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.