Erbil 23°C دووشەممە 23 ئەیلوول 04:36

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنداوی مووسڵی بەسەرکردەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای نەینەوا، بەنداوی مووسڵ و باڵەخانەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوەکەی بەسەرکردووە و لە میانیدا زانیاری لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی بەنداوەکەی پێ درا، ھەروەھا چاوی بەو تیمانەیش کەوت کە لە بەنداوەکەدا کار دەکەن.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی دیدارەکەدا، بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی مووسڵ، وردەکاری لەبارەی ئەو کارانەی کە تا ئێستا لە بەنداوەکە ئەنجامدراون و بەردەوامبوونی کارکردن تیایدا بۆ مستەفا کازمی خستووەتەڕوو.

بەپێی راگەیەنراوەکە مستەفا کازمی بە یاوەری بەڕێوەبەری پڕۆژەی بەنداوی مووسڵ و تیمەکان، چاودێری کارەکانی پڕکردنەوەی درزەکانیان لە بەنداوی مووسڵ کردووە.

باس لەوەشکراوە کە مستەفا کازمی جەختی لە گرنگی بەنداوی مووسڵ کردووەتەوە و رایگەیاندووە کە پێویستە تیمەکان بەردەوامبن لە چاودێرکردن و کاری پڕکردنەوەی درزەکان لە بەنداوی مووسڵ.

بەیانی ئەمڕۆ، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکوومیی بە مەبەستی ئاگاداربوون لە رەوشی پارێزگای نەینەوا، گەیشتە پارێزگاکە کە لە میانیدا کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لە پارێزگای نەینەوا ئەنجامدرا و چاوەڕوان دەکرێت دواتر ژمارەیەک بڕیار بۆ جێبەجیکردنی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە پارێزگاکە بدرێت.

کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانی سێشەممە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەهۆی چالاکییەکانی یادی عاشوورا و پشووەوە، کۆبوونەوەکە خرایە ئەمڕۆ دووشەممە و لە پارێزگای نەینەوا ئەنجامدراوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.