Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 10:50

مەسرور بارزانی: پارتی خاوەنی سیاسەتێکی حەکیمانەیە کە سەرچاوەکەی دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانییە

کوردستان TV
100%


مەسرور بارزانی، بەبۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆک بارزانی و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و لەمیانەدا رایگەیاندووە کە پارتی خاوەنی سیاسەتێكی حەكیمانەیە كە سەرچاوەکەی دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەریی سەرۆک بارزانییە.


ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی: 

بەبۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر دەکەم.

دامەزراندنی پارتی وەک بزاڤێکی جەماوەری بەڕێبەرایەتی باوکی ڕوحی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر، گەشانەوە و بووژانەوەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەک و وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و وەڵامدانەوەی خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانیدا.

مێژووی پارتی، مێژوویەکی شکۆداری پڕ لە قوربانیدان و خەباتکردن و دانەبڕان لە خاك و گەلی کوردستان و سازشنەكردنە لەسەر پرسە كوردستانییەكان لەژێر هەر گوشارێكدا بێت.

پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، هەمیشە لەگەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ڕاستگۆ بووە و خاوەنی سیاسەتێکی حەكیمانەیە کە سەرچاوەکەی، دانایی و مێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانییە.

ئەمڕۆش کە یادی حەفتا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە، پەیام و كارنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی، لە هەموو كاتێك بەهێزترن و بە گوڕو تینێکی زیاترەوە، لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. شانازییەکی گەورەی بەدیهاتنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانیش، بەر پارتی دەکەوێت کە قوربانییەکی زۆری لەم پێناوەدا داوە . 

 بێگومان كاروانی خەبات و تیكۆشانی پارتی، لە پێشڕەوایەتیكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان، لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز بەردەوامە و رۆژ لە دوای رۆژ، پارتی زیاتر دەبێتە جێگەی متمانەی خەڵکی كوردستان و هەموو هەوڵێکیش دەخاتەگەڕ، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵکی خۆڕاگری كوردستان.

لە یادی شازدەی ئابدا، بەڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشانی دامەزرێنەری پارتی و باوکی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر و شەهیدی سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە .

مەسرور بارزانی

16ی ئابی 2021

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.