حکوومەتی ئەمریکا لە چوارچێوەی دەستپێخەری کۆڤاکس، زیاتر لە 500 هەزار دۆز ڤاکسینی ڤایزەری رادەستی وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق کرد.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری تەندروستیی و ژینگەی عێراق بەوەکالەت، هانی عەقابی، بەناوی وڵاتەکەیەوە بڕە ڤاکسینەکەی رادەست کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوی کە لە پەیجی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکراوەتەوە، پێشکەشکردنی ئەو بڕە ڤاکسینە لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە بۆ وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لەچوارچێوەی هاوبەشیی بەردەوامیی نێوان ئەمریکا و گەلی عێراق و لەمیانی دەستپێشخەری کۆڤاکس بە هامەهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی و سندووقی فریاگوزاریی نێودەوڵەتیی منداڵان سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (اUNICEF) و هاوپەیمانی (CEPI) و هاوپەیمانی جیهانیی بۆ ڤاکسینەکان (Gavi) بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە بە پابەندبوون بە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و پابەندبوون بە یەکێک لەو بەڵێنانەی کە لەمیانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق کە لە ماوەی نێوان 30 بۆ 26ی تەمووزی رابردوو لە واشنتۆن بەڕێوەچوو درابوون، ئەمریکا بڕی 503 هەزار و 100 دۆز ڤاکسینی بەخشییە حکوومەتی عێراق.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو کە ئەمریکا لەچوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە رێگەی ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی(USAID)، بڕی زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلای پێشکەش بە عێراق کردووە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماتیۆ تولەر لە رێوڕەسمی رادەستکردنی بڕە ڤاکسینەکە بە وەزارەتی تەندروستیی عێراق، گوتی: "ئەمریکا شانازیی بە هاوبەشیی لەگەڵ گەلی عێراق دەکات لە یارمەتییدانی بۆ رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. پێکەوە بەردەوام دەبێن لە بنیاتنانی جیهانێکی ئارامتر و بەهێزتر لەدژی مەترسییەکانی نەخۆشییە گوازراوەکاندا".
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق راشیگەیاندووە، پێشکەشکردنی ئەم بڕە ڤاکسینە لەچوارچێوەی پلانی کۆشکی سپیدا بۆ دابەشکردنی ڤاکسین کە لە سێی حوزەیرانی 2021 راگەیەندرا و پێدانی بڕێک لەو ڤاکسینە بە عێراق کرایە کاری لەپێشینە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بەڵێنی ئەوەی داوە کە ئەمریکا ڤاکسین بە عێراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکە بدرێت ئەمەش لەچواچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنادایە.
لە راگەیەندراوەکەدا دڵنیایی دراوە لە سەلامەتی و کاریگەیی ڤاکسینەکە و ئەوەش خراوەتەڕوو کە پێدانی ئەو ڤاکسینە دەبێتە بنەمایەک بۆ پاراستن ژیانی هاووڵاتییانی عێراق و گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.