Erbil 31°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 18:28

کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە بەغدا به‌رێوه‌ ده‌چێت

ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی دراوسێ و ھەرێمیی بەشداریی لە لووتکەکەدا دەکەن
کوردستان TV
100%

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم ئاشكرایكرد، کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەکەدا لە بەغدا ببەسترێت، تایبەت دەبێت بە تاوتوێکردنی پرسی ئاسایش لە عێراق و ناوچەکە، ھەروەھا بنیاتنانی ھاوبەشی ئابووریی.

لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، عێراق بانگھێشتنامەی ئاڕاستەی ھەریەک لە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم رەئیسی، شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم، میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و میری کوێت، نەواف ئەحمەد سەباح کردبوو، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق.

ھەروەھا پێشتر سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی راگەیاندبوو کە بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکات.

گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەسەن نازم لەبارەی بەستنی کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لووتکەکە کۆتایی ئەم مانگە لە بەغدا دەبەسترێت و رایگه‌یاندووه‌: "ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتانی دراوسێ و ھەرێمیی بەشداریی لە لووتکەکەدا دەکەن."

حەسەن نازم باسی لەوەشکردووە کە یەکێک لەو پرسانەی کە لە لووتکەکەدا گفتوگۆی لەوبارەوە دەکرێت، بەدیھێنانی سەقامگیری و ئاسایشە لە عێراق ئەوەیش لە میانی گەیشتن بە لێک تێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، چونکە به‌ گوته‌ی ناوبراو، کاتێک رەوشی وڵاتانی ناوچەکە سەقامگیر بێت و گرژییەکانیش کەم بکرێتەوە، ئه‌وه‌ کاریگەریی لەسەر سەقامگیری عێراق، ناوچە و وڵاتانی دراوسێش دەبێت.

نازم راشیگه‌یاندووه‌: "ھەروەھا لە کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق پرسی ئابوورییش تاوتوێ دەکرێت، بە تایبەتیش کە عێراق ھاوبەشی زۆری ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا لە بوارەکانی کارەبا، فێرکردن، کشتوکاڵ و رۆشنبیری ھەیە".

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لووتکەکە، ژمارەیەک بڕیاری گرنگی تایبەت بە بواره‌كانی ئابووریی و گۆڕانی كه‌شوھەوا تێدا ده‌درێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.